سەرژمێریی گشتی
وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964: لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا تاكسییش نابێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی سەرژمێریی گشتیدا تاكسییەكانیش نابێت بێنەدەرەوە.
هێمن میرانی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17.11.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە رۆژانی 20 و 21ی مانگ، كە سەرژمێریی گشتی بەڕێوەدەچێت، قەدەغەی هاتوچۆیە و بۆ تاكسییەكانیش بەهەمان شێوەیە و نابێت بێنە دەرەوە.
وتیشی، كە هاوڵاتیان قەدەغەی هاتوچۆ پەیڕەو بكەن و نەیەنە دەرەوە، تاكسی بۆچی بێتە دەرەوە و پێویست نییە.
لە پرسیاری ئەوەی، ئەی ئەو كەسانەی دەتوانن هاتوچۆ بكەن و قەدەغەكە نایانگرێتەوە لە نموونەی رۆژنامەنووسان و كارمەندانی ئێشگگری تەندروستی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتی: “پێویستە ئەو كەسانە چارەسەری ئەو بابەتەی خۆیان بكەن”.
هێمن میران هەروەها وتی، دەسەڵات بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان دراوە قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ بكەن.
هەر لەمبارەیەوە محەمەد كاكل شۆفێری تاكسی لە هەولێر، كە تاكسییەكەی سەر بە یەكێك لە كۆمپانیاكانە، بە 964ی وت، لە لایەن كۆمپانیاكەیەوە پێیڕاگەیاندراوە كە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ تاكسییەكانیشە، بەڵام دەتوانن ئەو كەسانە بگەیەنن، كە باجی تایبەتیان هەیە وەك رۆژنامەنووسان، كە دەتوانن بۆ سەر كارەكانیان بچن و تاكسی بەكرێ بگرن.
بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە كوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت و لە ئێستاشەوە تۆماركردنی دانا و زانیاریی خانەوادەكان دەستیپێكردووە.