رێبوار تەها لەبارەی شەڕەکەی پردێ:

کاری هێزە ئەمنییەکان تەنیا تەقەکردن نییە و بێسەروبەرەیی هەیە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

رێبوار تەها، جێگرى پارێزگاری کەرکوک لەبارەی شەڕەکەی پردێ رایگەیاند، بێسەروبەرەیی لە تەقەکردنەکاندا هەبووە و لە ئاستی باڵا داوای لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووە.

رێبوار تەها لەکاتی سەردانی بۆ پزیشکی دادی کەرکوک بۆ لای کەسوکاری محەممەد هێمن رایگەیاند، “پێدەچێت بێسەروبەرەیی لە تەقەکردنەکاندا هەبێت، جگە لەوەی تیرۆرستان کوژراون، کارەساتەکە ئەوەیە دوو منداڵیش پێوە بوون.”

رێبوار تەها وتیشی، لەسەر ئاستی باڵا داوای لێکۆڵینەوەمان کردووە لە بەغداد و ئەوانەی تەقەکەرن بەشێوەیەکی هەڕەمەکی پێویستە لیکۆڵینەوەیان لێبکرێت.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو 27-09-2026 لەئەنجامی پێکدادانی دژە تیرۆری عێراق و چەند چەکدارێکی داعش لە سنووری نێوان کەرکوک و پردێ، دوو چەکداری داعش و مێردمنداڵێک بەناوی موراد زانا، کە تەمەنی 14 ساڵ بوو، کوژران.

هێمن محەممەد، تەمەنی 15 ساڵ بوو، لە شەوی شەڕەکە بیسەروشوێن بوو، دوای رۆژێک هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە کەسوکاری راگەیاند کە بێن بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی کەسوکاری و دەڵێن، کوڕەکەیان بە داعش لە قەڵەمدراوە و “هەویە و دەمانچەیان بۆ داناوە، پەیوەندی بەوەوە نییە و ئێمە بنەماڵەمان پێشمەرگەیە.”

هاوکات ئەحمەد کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەڵێت: ئەو لایەنەى گەنجەکەى پردێى شەهید کردووە، بەوە نەوەستاوە و ناسنامەکەشى گۆڕیوە، لە خوێنى ئەو گەنجە خۆشنابین و دەبێت عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆى بێتە سەرخەت.