پلانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى راپەڕین چییە؟
هاوڵاتیانى پشتئاشان گله‌یيان هه‌یه و ده‌ڵێن ته‌نیا گونده رێگاكه‌ى قیڕتاو نه‌كراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هاوڵاتیانى گوندى پشتئاشان له بنارى قه‌ندیل گله‌یی له حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه له‌و هه‌ڵمه‌تى قیڕتاوكردنه‌ى به‌م دواییه ده‌ستیان پێكردووه ته‌نیا رێگاى گونده‌كه‌ى ئه‌وانه‌ى نه‌گرتووه‌ته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش ده‌ڵێت، قیرتاونه‌كردنه‌كه به هیچ مه‌به‌ستێك نییه به‌ڵكو پلانیان ئه‌وه‌یه رێگاى هه‌موو گونده‌كان قیڕتاو بكرێن.
هاوڵاتیانى گوندى پشتئاشان ده‌ڵێن، گونده‌كه‌یان پشتگوێ خراوه و نیگه‌رانن كه رێگاى گونده‌كه‌یان به‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌تى قیڕتاوكردنه نه‌كه‌وتووه كه بۆ ته‌واوى گونده‌كانى بنارى قه‌ندیل كراوه.
ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه، نزیکەی 200 ماڵن ساڵانە هاتوچۆی گونده‌كه دەکەن، پێویستە حکومەت جگه له قیرتاوكردنى رێگاكه‌یان، پردی بەستنەوەی ناو گونده‌كه‌یان دروست بکاتەوە، دا‌واشیان له ئەنجومەن و ریشسپیان كردووه، سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە بکەن بۆ ئەوەی پشتئاشانیش بێبەش نەبێت لەم خزمەتگوزارییە.
964 ئه‌م داواكاریی و گله‌ییه‌ى گونده‌كه‌ى گه‌یانده ئومێد حه‌مه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رێگاوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئیداره‌ى راپه‌ڕین و رایگه‌یاند، هیچ مه‌به‌ستێك له قیرتاوكردنى رێگاكه‌یان نییه، به‌ڵكو پلانیان ئه‌وه‌یه رێگاى ته‌واوى گونده‌كانى سنووره‌كه‌یان قیڕتاو بكرێت.
وتیشی “ئه‌وه‌ى گوندى پشتئاشان له قۆناغى داهاتوودا جێبه‌جێ ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌ند گوندێكی دیكه‌ش له له مه‌نگوڕایه‌تى و چیوێ ماون قیرتاویان بۆ بكرێت”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پڕۆژه‌كانى رێگاسازیان بۆ ته‌واوى گونده‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام زۆرجاران دواكه‌وتنى هه‌ندێك پڕۆژه بۆ دابیننه‌كردنى بودجه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وانه‌ش له قۆناغه‌كانى داهاتوودا بۆ هه‌موویان جێبه‌جێ ده‌كرێت.