وەزیری ئاوەدانكردنەوە وادەڵێت
تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای كەلار – دەربەندیخان تەواو دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای كەلار – دەربەندیخان تەواو دەكرێت.
دانا عەبدولكەریم ئەمڕۆ یەكشەممە پڕۆژەی دروستكردنی رێگای دووسایدی كەلار – دەربەندیخانی بەسەركردەوە و لەوێدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە بە رێژەی 99% تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە.
وتیشی، پڕۆژەکە قۆناغی گرنگی بڕیوە و بەپێی ستاندارد و رەوشە ئەندازیارییەکانی دیاریکرابوو، جێبەجێکراوە و رێژەی ئەنجامدان گەیشتووەتە 92٪ .
بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتەكە و درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە، لە ناو پڕۆژەکەدا 35 پردی هەن، کە درێژییەکەیان بە چوون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەتر و زۆرینەیان تەواو کراون.
هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، دەکەوێتە ناو پڕۆژەکەوە.
رێگای كەلار – دەربەندیخان بەهۆی زۆریی رووداوەكان لەوێدا، بە رێگەی مەرگ ناوزەد كراوە، هاوڵاتیانی ناوچەكە چاوەڕێن بە تەواوبوونی رێگاكە و كردنەوەی، رووداوەكانی هاتوچۆ لەو رێگایەدا كەم ببێتەوە و مەترسییان نەمێنێت.