چیرۆکی ئازاد فەڕەنسی ببینن

زەیتوونی هەرمۆتە گەورەن و سەرچاوەی بژێوی کریستیانەکانە

964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لە رووبەری چەند هەزار مەترێکدا پیاوێکی کریستیان 45 ساڵە خەریکی بەخێوکردنی نزیکەی هەزار بنەداری زەیتوونە لە باغی ماڵەکەیدا کە دەکەوێتە گەرەکی هەرمۆتەی قەزای کۆیە.

بە هەموو هەرمۆتە ساڵانە تا 20 تۆن زەیتوون لێدەکەنەوە و بەرهەم دەهێن، لە کاتێکدا رێژەی دانیشتووانەکەی 120 خێزانی کریستییان دەبن.

نزیکەی 200 ساڵ دەبێت کریستیانەکان لە هەرمۆتەی کۆیە، نەوە بۆ نەوە کاری بەخێوکردن و خۆشکردنی زەیتوون دەگوازرێتەوە و کاری سەرەکییان بووە بە زەیتوون، بۆ ئەم کارەش چەندین دۆنمی زەوییان لەو گەڕەکەی خۆیان تەرخان کردووە.

ئازاد فەڕەنسی، جوتیار و خاوەن باخی زەیتوونە بە 964ی وت، لە ساڵی 1979 بە دەستی خۆی دەیان داری زەیتوونی چاندووە، تا ئێستاش سەرقاڵی ئەو کارەیە و بەخێویان دەکات، لەوەتەی بیرمە باب و باپیرانم خەریکی ئەو کارەن و ئێستاشی لەگەڵ بێت کوڕەکانم خستووەتە سەر ئەو کارە، کە ساڵانە 12 تۆن بەرهەممان هەیە.

هەموو ساڵێک لە 15ی مانگی 9 کاتێک زەیتوون پێدەگات، بە سەوزی دەستدەکەن بە رنینی زەیتوونەکە بە مەبەستی خۆشکردنی بۆ خواردن و کردنە ناو تورشی، ئازاد دەڵێت، ئەگەریش بمانەوێ رۆنەکەی بگرین، دەبێ چاوەرێ بکەین تاوەکو سێجار بارانی لێدەدات و رەنگەکەی تەواو رەش دەبێت.

لەو دۆخەدا بۆ خواردن و بۆ دەرهێنانی رۆنەکە زەیتوونەکەی ئەوان کەڵکی هەیە، ئازاد فەرەنسی، وتیشی، زەیتوونی هەرمۆتە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە بە بۆنەی گەورەیی دەنکەکەیی و بچووکی ناوکەکەی، لە بازاردا خواستێکی زۆری لەسەرە و ئێمە بۆ کڕیاری تایبەت ساڵانە چەندین تۆنیان پێ دەفرۆشین.

بەهۆی زۆری بنە زەیتوونەکان لە هەرمۆتە، وایکردووە هەر پیاوەکان نەبن کە لەسەر کاربن، بەڵکو ژنانیش لە ماڵەوە بۆ چاککردن و خۆشکردنی زەیتوون خەریکی ئەو کارەن و بووە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی ژیانیان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا