"سیمکارت ناموسە"

بازاڕى سیمکارت لاوازە؛ ئەو ژمارانەی بە سێ دەفتەر بوون ئێستا کەس نایانکڕێت

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ژمارە مۆبایلی جوان هەمیشە وەک چەکی پارە وابووە بۆ خاوەنەکەی، کەی ویستبای دەیکرد بە کاش. بەڵام ئێستا بازاڕی سیمکارت و ژمارە جوانەکان، بەتایبەتی هی کۆمپانیای کۆڕەک، گەیشتووەتە خاڵی سفر.

دوای بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم، خەڵک زیاتر روویان لە کڕینی سیمکارتی ئاسیاسێڵ و زین کرد و نرخی سیمکارتی کۆڕەک شکانی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

ئەو ژمارە تایبەت و جوانانەی کۆڕەک کە جاران خەڵک دوو بۆ سێ دەفتەر دۆلاری پێ دەدان، ئێستا کەس ناوێرێت لێیان نزیک ببێتەوە. خاوەنی ئەو ژمارانەش کە زۆربەیان کەسانی دەوڵەمەند و خواپێداون، ئامادە نین بە زەرەر بیانفرۆشنەوە، بۆیە بازاڕەکە بەتەواوی سست بووە.

بەختەوەر جەعفەر، کە لە ساڵی 2011ـەوە خاوەنی سەنتەری فرۆشتنی سیمکارتە لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە (6.9.2026) بە 964ـی وت: “کڕین و فرۆشتن سفرە. دوای راگرتنی کۆڕەک بازاڕەکە وەستاوە، بۆ نموونە ژمارەی 445 گەیشتووەتە شەش هەزار دۆلار، کەچی کەس نایکڕێت.”

سەرباری ئەوەی خەڵک روویان لە تۆڕەکانی دیکە کردووە، بەڵام بازاڕی ئەوانیش لاوازە. بەختەوەر دەڵێت: “زین و ئاسیاسێڵیش کەس نایانکڕێت، لە بەیانییەوە تەنیا دوو سیمکارتم فرۆشتووە کە نرخى هەردوکیان 10 هەزار دینار دەکات”.

سەرەڕاى ئەو بێبازاڕییە، بەڵام هێشتا خەڵک دەستبەردارى ژمارە جوانەکانیان نابن، هەر وەک ئەوەى بەختەوەر جەعفەر بە رستەیەکی سەرنجڕاکێش وەسفی دۆخەکە دەکات و دەڵێت،”بتەوێت و نەتەوێت، سیمکارت وەک نامووسی ئەم میللەتەی لێهاتووە، چونکە تەواوی نهێنییەکانی خەڵکی تێدا پارێزراوە خەڵکیش نایەوێت بۆ پارە بیفرۆشێت.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح