لەناو پارکەکانى هەولێر

دیاردەى خواردنەوە کحولییەکان و نێرگەلەکێشان زۆر بووە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر رایدەگەیەنێت، شەوانە لە ناو پارکەکانى هەولێر دیاردەى خواردنەوە کحولییەکان و نێرگەلەکێشان زیادى کردووە و هەندێ جاریش خەویان لێدەکەوێت.

ئەندازەى پارکەکان کۆمەڵێک وێنەى بڵاوکردووەتەوە، کە کرێکارێکیان لە بەیانییەکى زوودا پاشماوەکانى پارکێک کۆدەکاتەوە و چەندین شوشەى خواردنەوە کحولییەکان لەسەر کورسى و مێزى پارکەکان جێماون.

لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر کرد و وتى،” رێگەپێدراو نییە شەوانە خواردنەوە کحولییەکان لە ناو پارکەکان بخورێتەوە یان نێرگەلە بکێشرێت، بەڵام لێرە ئەو هۆشیارییە بەو شێوەیە نییە”.

وەک باسى دەکات، وەک پێویست پاسەوانیان نییە بۆ رێکخستنى ئەو بابەتە، دەبێت دەزگا ئەمنییەکان هاوکاربن.

“جار جار هەڵمەت دەکەین بۆ رێکخستن، بەڵام لە هەندێ شوێن ئەو حاڵەتە زۆرترە بەتایبەت لە جادەى کۆیە یەک دوو پارک هەیە ئەو حاڵەتەى تێدا زیاترە”، رێبین ئەحمەد واى وت.

ئاشکراشى کرد، جگە لەوەى کارمەندەکانیان هەموو بەیانییەک ئەو پاشماوانە کۆدەکەنەوە، هەندێ جاریش خەڵک هەر لەو شوێنە خەوى لێدەکەوێت و دەبێتە بارگرانى بۆ کارمەندەکان.