زانکۆی سەڵاحەدین میوانداری دەکات

ژیریی دەستکرد خوێندکارانی وڵاتانی عەرەبی هێنایە هەولێر

شۆڕش هەرکی – هەولێر

25ـمین کۆڕبەندی قوتابیانی داهێنەر لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

سامان عەبدوڵا بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، “کۆڕبەندە بەناونیشانی (ئاکاری ژیری دەستکرد و کاریگەری لەسەر توێژینەوەی زانستیی) دەستیپێکردووە و بە ئامادەبوونی خوێندکاران و توێژەر و مامۆستایانی زیاتر لە 10 وڵاتی عەرەبی بەڕێوەدەچیت.

“کۆڕبەندە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و دوای تەواوبوونی، خوێندکاران و بەشداربووانی کۆڕبەندە ئاشنا دەکرێن بەکۆمەلێک شوێنی کڵتوری و مێژوویی شاری هەولێر”، سامان عەبدوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە لە زانکۆی سەڵاحەدین پێشبڕکێی توێژینەوەی قوتابیان هەیە و توێژینەوە سەرکەوتووەکانی ئەو پێشبڕکێیە لە کۆڕبەندەکە دەخرێنەڕوو.

کۆڕبەندی قوتابیانی داهێنەر هەرساڵەو لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەمساڵیش ژمارەیەک زانکۆی عەرەبی وەک، ئۆردن، سودان، لیبیا، میسر و فەڵەستین بانگهێشت کراون.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری