میدیای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکانی ئەو وڵاتە شەش کەس بێسەروشوێن بوون
میدیای ئێران:
لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکانمان شەش کەس بێسەروشوێن بوون
شۆڕش قادری
میدیای ئێران لەزاری قایمقامی بەندەری لەنگە بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوو کەشتی ئێرانی لە بەندەری خەسبی عومان لەکۆی 20 سەرنشینی کەشتییەکان، شەش کەس بێسەروشوێن بوون.
دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند دوو کەشتی ئێرانییان لەکار خستووە، لەکاتێکدا هێزەکانیان پابەندن بە سەپاندنی گەمارو لەسەر ئەو کەشتییانەی کە دەچنە ناو ئێران یان دەچنە دەرەوەی.
بەپێی راگەیەنراوێکی سێنتکۆم، دوو کەشتییەکە هەوڵیانداوە لە بەندەرێکی ئێرانی لە کەنداوی عومان جێگیر ببن، تەقە لە کەشتییەکان کراوە و رێگرییان لێکردوون بچنەناو ئەو بەندەرە.