چەند رێنماییەکی گرنگ
شۆفێران لە کەشی تەمومژاویدا چی بکەن؟
964+
شۆڕش قادری
دوای باران بارین کەشێکی تەمومژاویی رووی لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان کردووە، بۆیە پێویستە شۆفێران بە وریایی زیاترەوە هاتوچۆ بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە سێ رێنمایی بۆ کاتی شۆفێریکردن لە کەشی تەمدا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:
خێراییەکەت کەم بکەرەوە:
لێخوڕین بە هەمان خێرایی کەشوهەوای ئاسایی لە کەشی تەمدا مەترسییەکی گەورەیە، دڵنیابە لەوەی کە خێراییەکەت کەم بکەیتەوە چونکە کاتی زیاترت دەبێت بۆ وەستان یان هەرحاڵەتێکی تری لە ناکاو.
ئەگەر رێژەی بینین گەشتە رێژەیەکی زۆر کەم بە هۆی زۆری تەمەوە، ئەوا شوێنێکی باش و سەلامەت بدۆزەرەوە و ئوتومبیلەکەت بە زووترین کات پارک بکە بەمەرجێک لەسەر لاینەکانی شەقامەکە نەبیت و چاوەڕێ بکە تاوەکو بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
هەمیشە لایتە نزمەکانت دابگیرسێنە:
رووناکی زۆر نا. دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی لایتی بەرز (فول لایت) لەکاتی بوونی تەم، چونکە بەهۆی بوونی دەنکۆڵەی ووردی ئاو لە کەشی تەمدا وا دەکات ڕووناکییەکە بڵاو ببێتەوە و کاردانەوە دروست بکات، ئەگەر لە حاڵەتێکدا زانیت کە لایتە بەرزەکان سوودیان نییە ئەوە لایتە نزمەکان دابگیرسێنە یان لایتی تەم (بلاجکتۆر) بۆئەوەی لەلایەن شۆفێرانی تری سەر شەقامەکە ببینرێیت.
بەباشی هۆشت لەسەر شەقامەکە بێت:
شۆفێری کردن لە کاتی تەم دا کارێکی گرانەو ناکرێت چەند کارێک بەیەکەوە بکەیت، بۆیە باشتر وایە ئەم ڕێکارانە بگریتە بەر، ڕادیۆکەت بکوژێنەوە، قسە لەگەڵ سەرنشینەکانی تر مەکە بۆئەوەی تەواو تەرکیزت لەسەر شەقامەکە بێت، جامی ئۆتۆمبێلەکەت بکەرەوە بۆ ئەوەی گوێت لە ئوتومبیلەکانی دەرەوە بێت.