"زیادەڕۆییە و رێگەپێدراو نییە"

ویستی لەناو ژینگەیەکی سروشتیدا ڤێلایەک دروست بکات بەڵام دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

لە ناوچەی عەربەت هاوڵاتییەک ویستی لەناو ژینگەیەکی جوان و سروشتیدا ڤێلایەک دروست بکات، بەڵام جێی خۆش نەکرد و دەستگیر کرا.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “بە ئامانجی پاراستنی سروشت و ژینگەی سنورەکە، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت لە گەڕان و پشکنینی بەردەوامدان و رێگری لە سەرپێچیکاران دەکەن”.

“لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکمان بۆ سنووری دۆڵی دووکانیان، کەسێک بەتۆمەتی هەڵکەندنی دار و پاککردنەوە و بڕینی زەوی گشتی و سیاجکردن و دیوارکردن بەشێوەی نایاسایی، دەستگیر کرا”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئاشکراشیکرد، ئەو کەسە ویستوویەتی لەناوی زەوی میریدا خانوو و ڤێلایەک بۆ خۆی دروست بکات.

وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسە کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.