"بانگەوازەکەی باخچەلی ناعەقڵانییە"

موراد قەریلان: رێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین و به‌ئاسانیش فریونادرێین

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ئەوان دژی پڕۆسەی چارەسەری دیموکراسی نین، بەڵام رێگە بە سیاسەتی فریودان نادەن، به‌ ئاسانیش فریو نادرێن.

قەرەیلان شەوی رابردوو، ئه‌م قسانه‌ى بۆ میدیاكانى نزیك لە په‌كه‌كه‌ كرد و ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ توركیا رووده‌دات، بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، بۆیه‌  دووبارە هیچ ئاماده‌ییه‌ك نییه‌ له‌سەر مێزێکی شل دابنیشن.

ئاماژەی بەوەشكرد “ئەگەر ره‌وشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی راستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر، به‌تایبه‌تیش ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی رێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت”.

روونیكرده‌وه‌، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی – دیموکراسی کورد خاوەنی رۆڵی گرنگن لە چارەسەردا، ئەوەی رژێم دەیکات تاکتیکی سووکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا، پێویستە ئەمە نەکەن، رۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت.

موراد قەرەیلان ده‌شڵێت “دەوڵەتی تورکیا عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبوڵ کردوە، هەروەها رۆڵی داوە بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی و  ناتوانرێت پاشەکشە لەمە بکرێت و ناکرێت ببێتە بابەتی گفتوگۆ”.

لەبارەی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی دەوڵەت باخچەلیشەوە دەڵێت “بانگەوازەکەی باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی بیركردنەوەی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبوڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبوڵ کردوە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە، راستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم راستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە”.

دوای ٤٣ مانگ عومەر ئۆجەلان عەبدوڵا ئۆجەلانی بینییەوە

دوای ٤٣ مانگ عومەر ئۆجەلان عەبدوڵا ئۆجەلانی بینییەوە