سه‌رماكه‌ى پێنجوێن له‌وه‌یا نییه‌!

به‌رهه‌مى كشتوكاڵى شێواندووه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌شی به‌ هاوڵاتیان داناوه‌ته‌وه‌

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

له‌ به‌شێكی ناوچه‌ كوێستانییه‌كان به‌هۆى نزمبوونه‌وه‌ى زۆرى پله‌كانى گه‌رما، به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانى زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، جوتیارانی پێنجوێنیش كه‌ سه‌ردانى كێڵگه‌كانیان كردووه‌، زه‌ره‌ر و زیانه‌كانیان سه‌رمایان به‌چاوی خۆیان بینیوه‌ و كشتوكاڵیشی له‌م دۆخه‌ ئاگاداره‌.

سەرماکەی پێنجوێن له‌م وه‌رزه‌دا پلەکانی گەرماى هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌ قسه‌ى بەهائەدین حەسەن، لێپرسراوی کەشناسی قه‌زاكه‌ شەوی رابردوو پلەکانی گەرما بۆ 4.5 پلەی سیلیزی دابەزیوە و هەست بەسەرمایەکی زۆر کراوە.

به‌هائه‌دین حەسەن به‌ 964ـى وت “لە خوار 20 پلەی سیلیزیەوە هەست بە ساردی دەکرێت، بەشێک لە هاوڵاتیان گەرمکەرەوە بەکاردەهێنن و بە رۆژیشدا هەست بە سەرما دەکرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پله‌كانى گه‌رما لە خوار 10 پلەی سیلیزییەوە زیان بە به‌رهه‌مى جوتیاران دەگەیه‌نێت بەرگەی ئەو پلە نزمە ناگرن، لە کاتێکدا لە دەشتەکان پلەکانی گەرما زیاتریش دادەبەزێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویسته‌ جوتیاران پەیوەندی بەردەوامیان بە کەشناسی هەبێت، تا لە پێشبینییەکانیان ئاگاداریان بکەنەوە و لەم کاتانەدا یان بەرهەمەکانیان داپۆشن، یان لێی بکەنەوە.

وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌شناسی باسی ده‌كات و به‌ دۆخى جوتیاران ئاگاداره‌، %80ـی جوتیارانى پێنجوێن زیانیان بەرکەوتووە.

لای خۆیه‌وه‌، محەمەد کەمال ئەندازیاری کشتوکاڵی بە 964ـی وت، بەهۆی سەرماکەی دوێنێ شەوەوە زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى پێنجوێن زیانیان بەرکەوتووە بەڵام ده‌ڵێت “100% هه‌مووى لەناونەبردوون”.

ده‌شڵێت “سەرما خانەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی تێکدەشکێنێت و دەبێتە هۆی گۆڕینی رەنگیان و دەیانشێوێنێت”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرما هات و چاكەت و قەمسەڵە حازر بكەن

سەرما هات و چاكەت و قەمسەڵە حازر بكەن