کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە دەستپێدەکات

ئێران رێوشوێنەکانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی راگەیاند

فەرهاد حەسەن

دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ یەکەمجار وردەکاریی سەرەتاییان سەبارەت بە مەراسیمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوی وڵاتەکە راگەیاند، ئەمەش دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر کوژرانی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە بارەگاکەی لە ناوەڕاستی تاران لە سەرەتای جەنگەکە کرابووە ئامانج.

محەمەد ئەمین تەوەکولی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانی تاران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ئاشکرای کرد، مەراسیمی تەرم بەڕێکردنەکە “بە ئەگەرێکی زۆرەوە” لە رۆژانی کۆتایی مانگی زیلحەجە و سەرەتای مانگی موحەڕەمدا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مەراسیمی عاشورا لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، واتە نزیکەی دوو هەفتەی دیکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەکارییەکان سێ قۆناغی سەرەکی لە تاران، قوم و مەشهەد لەخۆدەگرن.

تەوەکولی زادە، لە میانی کۆبونەوەی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی شارە گەورەکانی ئێران وتی “سوپای پاسداران” سەرپەرشتی رێکخستنی مەراسیمەکە دەکات و دەسەڵاتداران سێ ڕۆژیان بۆ ئەوەی ناویان ناوە “ماڵئاوایی میللی” تەرخانکردوە، دواتریش نوێژی مردوو و مەراسیمی فەرمی تەرم بەڕێکردن بەڕێوەدەچێت.

مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمەکە لە پایتەختی ئێران “کەمتر لە 24 کاتژمێر” دەخایەنێت، لە کاتێکدا شوێنی کۆتایی مەراسیمەکە لە تاران هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و “موسەڵای تاران” و “مەزارگەی خومەینی” لە نێوان بژاردە پێشنیازکراوەکاندان.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی کردەوە کە سازکردنی مەراسیمی تەرمبەڕێکردن لە تاران، قوم و مەشهەد بوەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، لە کاتێکدا پارێزگا و شارەکانی دیکە داواکارییان پێشکەش کردوە بۆ میوانداریکردنی بەشێک لە مەراسیمەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی وەسیەتی خامنەیی و راسپاردەی خێزانەکەی، بەخاکسپاردنەکە لە مەزارگەی “ئیمام رەزا” لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران ئەنجامدەدرێت، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە ئاینییەکانی شیعە.

بەپێی وتەی تەوەکولی زادە، دەسەڵاتداران ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان، و ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێوان تاران و شارەکانی دەوروبەری کرد بۆ جێگیرکردنی ئەو جەماوەرە زۆرەی کە چاوەڕوان دەکرێت.

خەمڵاندنە فەرمییەکان باس لە ئەگەری ئامادەبوونی نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن کەس دەکەن لە پایتەخت ، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە میکانیزمەکانی رێکخستن یان ڕێوشوێنە ئەمنییەکان.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، موحسین مەحمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی هەماهەنگی پڕوپاگەندەی ئیسلامی لە تاران، پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ ئامادەکارییەکانی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە راگەیاند و جەختی کردەوە کە چەندین دامەزراوەی حکومی و ئەمنی کاردەکەن بۆ دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ سازکردنی مەراسیمێکی بەرفراوان هەر کە کاتی کۆتایی دیاریکرا.

خامنەیی لە 28.2.2026 لە میانی یەکەمین هێرشدا کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران ئەنجامیاندا، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردولا، کوژرا.