بە هەزار داری ژاڵە
شەقامی 120 مەتری هەولێر جوان دەکرێت
964+
شۆڕش قادری
لە هەڵمەتێکی نەمام چاندندا، هەزار داری ژاڵە لە شەقامی 120 مەتری هەولێر دەچێندرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “تیمەکانمان لە شەقامی 120 مەتری هەڵمەتی چاندنی هەزار داری ژاڵەیان دەستپێکرد”.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەڵمەتەکە ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت.
داری ژاڵە دارێکی جوانە و ساڵانە دوو وەرز گوڵ دەگرێت و هەمیشە دارێکی سەوزە، چەندین جۆر لە رەنگی گوڵی هەیە، (سپی، سووری کاڵ، سووری تۆخ، زەرد و پەمەیی).
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، ئەو جۆرە دارە سیمایەکی جوان بە شەقامی 120 مەتری دەبەخشێت.
پێشتر پارێزگای هەولێر بە 964یان راگەیاندبوو، تا کۆتایی ئەم ساڵ ھەڵمەتی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوام دەبێت و ئامانج لێى زیادکردنى رێژەکەیە بۆ 50%، کە بەھۆیەوە رێژەی سەوزایی زیاد دەبێت و ژینگەی ھەولێریش پاک دەبێت، هەروەها شەقام و شوستەکانى شارى ھەولێریش جوانتر دەبن.