پابەندى رێنمایى تەندروستى و سەلامەتى نەبوون

وەزارەتى کار ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى لەبارەى گیان لەدەستدانى دوو کرێکارەکەى دهۆک بڵاوکردەوە

وریا فەتاح

وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى لە گیان لەدەستدانى دوو کرێکارەکەى دهۆک بڵاوکردەوە و بەپێى ئەنجامەکە بێت، رووداوەکە بەهۆى پابەند نەبوون بە رێنمایی تەندروستى و سەلامەتى پیشەییەوە روویداوە.

ئێوارەی رۆژى سێشەممە 2024.10.8، لە گەڕەکی شاخکێ لە سەنتەری شاری دهۆک، لەیەکێک لە پرۆژەکانی  نیشتەجێبوون لە کاتی کارکردنیان سێ کرێکار کەوتنە خوارەوە و دووانیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، کەمێک لەمەوبەر روونکردنەوەیەکى لەبارەى گیان لەدەستدانى دوو کرێکارەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ئەنجامى بەدواداچوونەکان دەرکەوتووە ئەم رووداوە بەهۆى پابەند نەبوون بە رێنمایی تەندروستى و سەلامەتى پیشەییەوە روویداوە، هەروەها هەردوو کرێکارى خوالێخشبوو دەستەبەر نەکراون.

” بەپێویستى دەزانین ئەوە روونبکەینەوە کە ئەگەر کرێکار دەستەبەر کرابێت، لەسەر کار یان بەهەر هۆکارێکى تر گیان لەدەست بدات، ئه‌وا راسته‌وخۆ خانه‌نشین ده‌كرێت بێ گوێدانه‌ ته‌مه‌ن و راژه‌ و سەرجەم مافەکانى تریشی پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەگەر دەستەبەر نەکرابێت و گیان لەدەست بدات، ئەوکاتە خاوەنکار دەدرێتە دادگا بەو مەرجەى کرێکارەکە لەسەر کار گیانى لەدەست دابێت و ئەنجامەکەشی لەسەر بڕیادى دادگا دەوەستێت”، وەزارەتى کار واى نوسیوە.

داواش دەکات، دەبێت کرێکاران ئاگادار بن کە جگە لە مافەکانى تریان کە بەپێی یاسا دیارکراوە، پێویستە خۆیان و کەسوکاریان لەم مافە بێبەش نەکەن و داواى دەستەبەرى لە خاوەنکارەکانیان بکەن، یان خۆیان داواى دەستەبەرکردن بکەن.

هۆشداریشى بە خاوەنکاران داوە،  جگە لە رەچاوکردنى مەرجەکانى سەلامەتى کرێکاران لە کاتى کاردا بەپێچەوانەوە لەلایەن لیژنەکانیان رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و لەکاتى زیان گەیشتنیش بە کرێکار بێگومان بەرپرسیاریەتییان زیاتر دەبێت، هەروەها پێویستە باپەندى یاسا بن و کرێکارەکان دەستەبەر بکەن و نەبنە هۆى پێشێلکردنى ئەم مافەى کرێکاران و کەسوکاریان.

جەختیشکراوەتەوە، دواتر دەرئەنجامى دوایین بڕیارى دادگا لەبارەى ئەم رووداوە بۆ راى گشتى بڵاو دەکەنەوە.