شوێنێكی سه‌خت و رێگایه‌كی دوور
گوندێكی سورداش بۆ یه‌كه‌مجار به كاره‌باى نیشتمانى رووناك ده‌كرێته‌وه
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاره‌باى سلێمانى ده‌ڵێت، بۆ یه‌كه‌مجار كاره‌باى نیشتمانى دەگه‌یه‌ننه گوندى سه‌رمۆردى سه‌ر به ناحیه‌ى سورداش له قه‌زاى دوكان.
هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ئاماژه‌ى بپێده‌كات، سەرەڕای سەختی شوێنی گوندەكە و دووری رێگاكەی، بەڵام بەهۆی ئاوەدانی و دڵسۆزی خەڵكەكه‌ی، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كان، ئه‌م گونده به كارەبای نیشتمانی رووناك دەكەنەوە.
درێژی هێڵەكە شه‌ش كلیۆمەترە و دانانی 120 ستونی كارەبا و راكێشانی 20 كیلۆمه‌تر تەل و یه‌ك محاویله‌ی 100 كه‌ی ڤی لەخۆدەگرێت.
عەلی محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دوكان باس له‌وه‌ده‌كات، له ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوه نەتوانرا كارەبای نیشتمانی بۆ ئه‌م گونده ببردرێت.
وتیشی “پرۆژەكە بەهاوكاری كۆمپانیای برۆدكاست كە بەبڕی 100 ملیۆن دینار كەلوپەل و پێداویستییان بۆ پرۆژەكە دابینكرد و بەشەكەی دیكەی پرۆژەكە لەسەر بودجەی داهاتی 8%ـی كارەبا كە بڕی 93 ملیۆن دیناره دابینكراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پرۆژەكە بەشێوەی راستەخۆ جێبەجێ كراوە و زیاتر لە 80%ـی كارەكانی تەواوبووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا به تەواوی گوندەكە رووناك دەبێتەوە.