قوفڵی گەورە لە دەرگاکانی دراوە

مەرگی سارا هەموو شتێکی ئاشکرا کردو نەخۆشخانەی رەسول داخرا

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

وەزارەتی تەندروستی هیچ سێ و دووی لەگەڵ نەخۆشخانە تایبەتەکەی هەولێر نەکرد، دوای ئەوەی ژنێک لەوێ گیانی لە دەستدا، پۆلیس چوون و قوفڵیان دا لە دەرگاکانی، ئێستا نەخۆشخانەکە دراوە بە دادگاو بۆ هەتا هەتایە دادەخرێ.

دوێنێ لە نەخۆشخانەی (رەسوڵی نوێ) لە هەولێر کچێکی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دۆخی تێکچوو دواتر گیانی لە دەستدا، وەزارەتی تەندروستی یەکسەر کەوتە لێکۆڵینەوە لەو کەیسە دەرکەوت ئەم نەخۆشخانەیە مانگی شەش هۆڵەکانی نەشتەرگەری بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، بەڵام لە دەرگایەکی ترەوە نەخۆشیان بردووەتە ژوورەوە و ئەو کەتنەیان ناوەتەوە.

سامان حسێن وەزیری تەندروستی ئەمڕۆ قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد، وتی ئەو نەخۆشخانەیە هیچ مەرجێکی تێدا نەبووەو هەموو ئەوەی کردوویانە سەرپێچییە، بۆیە دامانخست و ستافە کارگێڕییەکەی دەدەینە دادگا.

پەیامنێری 964 کەمێک لەمەوبەر چووە بەردەم نەخۆشخانەکە بینی لافیتەکەی گەورەی پیا هەڵواسراوەو هەموو دەرگاکانی قوفڵیان لێ دراون.

خۆی هەر دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا نەخۆشخانەکە دابخات، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخۆشی تێدابوو تا ئەمڕۆ پێیان چۆڵکردن کاتی ویست، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 03.09.2026 بڕیارەکە جێبەجێ کرا.