سبەی دەچێتەوە دەوام
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە دەستلەکارکێشاوەنەکەی پاشگەز بوویەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دوای تەنیا یەک رۆژ لە یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر چارەسەرنەکردنی کێشەکانی هەڵەبجە، پێش ئێستا رایگەیاند، “بڕیاریداوە بەردەم بێت” لە ئەرکەکەی.
رۆژی سێشەممە 8.10.2024، سەلام بیلال ئەسکەندەر سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک یەکەم ئاماژەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بڵاوکردەوە و نووسی، “یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەم ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کرد، لە چوارچێوەی شەش لاپەرەدا و 25 خاڵم خستووەتەڕوو”.
ئەوەشی نووسی بوو، پێشتر و لە 11.9.2024 یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی نوسینگەی سلێمانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە ناچار بووە جارێکیتر یاداشتەکە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی بکات.
سەلام بیلال ئەسکەندەر هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بۆ چەقبەستوویی و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی هەڵەبجە گەڕاندبوویەوە و دەڵێت، “بە میراتی چەندەها کێشەی قەبە و چەقبەستوو و هەمیشە زیندوومان بۆ ماوەتەوە، کە کاری پێویستمان بە گوێرەی توانا کردووە بۆ حەلکردنیان، بەڵام ماوەی 17 مانگە من لە ئەرکدام وەک سەرۆکی شارەوانی، نەمانبینی رۆژێک لەلایەکەوە، سەرە گۆشەیەکمان لەگەڵ هەڵگیرێ، بۆ ئەوەی خۆمان دڵخۆش بکەین و تەنیا بڵێن، هەیە هەست بە کێشەکانمان دەکات” .
بەڵام، پاش یەک رۆژ لە یاداشتەکەی، ئەمشەوە 9.10.2024، لە فەیسبووکی خۆی دووبارە نوسوویەتی، ” دیدگایەکی فراوان هەبووە، بۆ تێگەیشتن لە یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەکەم، منیش بڕیارمدا بەردەوام بم و زیاتر لە جاران خزمەتی شارەکەم بکەم”، پێشتر لە دەرئەنجامی یاداشتەکەی نوسیبوی، “هاتووم ئەو ئیدارەیە پێشخەم بۆ ئیدارەیەک کە لە ئاستی داواکاری و رەزامەندی خەڵک بێ، نەهاتووم شارەوانی تووشی ئیفلیجی بکەم و بجوڵێنرێم و کاربکەم بۆ رەزامەندی و حەزی کەسێکی دیاریکراو”.
دەقی بڵاوکراوەی بەردەوامیدان بە ئەرکەکەی؛