"ئاسمان تەواو ئەمن نییە"
دەیانەوێ بە سیستمێکی کۆری ئاسمانی عێراق بپارێزن
964+
ئەحمەد مستەفا
روون و راشکاو، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق پشتڕاستی کردەوە، ئاسمانی عێراق بەتەواوی ئەمن نییە، ئەو وتی،” بەڵام هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ ئەمنیەتی گیراوەتەبەر، چاودێری ئاسمانی و بەدواداچوون بۆ فڕۆکە هاتوو و دەرچووەکان دەکەن”.
یەحیا رەسووڵ، ئەوەشی ئاشکراکرد، “چەند مانگێکە عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆکردووە، بەوەش سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی بەدەستهێناوە و پێویستی بە کات هەیە بۆ تەواوکردنی کارەکانی”.
پێشتر، ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق بە 964ی وتبوو، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەبێ پرس دێن و دەچن.
ئەمڕۆ شەممە 5.10.2024، یەحیا رەسووڵ لە بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی 964 بینیوویەتی دەڵێت، “حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان گرنگییەکی زۆری بە توانای پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی دەدات، هەربۆیە چەند مانگێک لەمەوبەر گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆ کردووە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، ئەوەش پێویستی بە کات هەیە بۆ تەواوکردن و دروستکردنی سیستمەکە”.
رەسووڵ لە بارەی ئەمن و ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکەی وتی، “ناوچەی ئاسمانی عێراق بەتەواوی ئەمن نییە، فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئێکس 16 و کەی50، و فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و سیخوڕی، هێزێکی ئاسمانی عێراق بەشدارن لە پاراستنی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی”.