بریندارەکان باوک و کوڕن

لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاسبکارێک کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون

شۆڕش قادری

لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاسبکارێک کوژرا و لە پاوەش باوک و کوڕێک بەسەختی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنجشەممە 3.10.2024، لە سەر رێگای مهاباد – بۆکان هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەیان داناوە و ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردیان داوەتەبەر دەستڕێژی گوللە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی یوسف دەشتی کوژراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، یوسف دەشتی کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیجۆی پێبووە، تەنیا کارتۆنێک تووتنی نێرگەلەی پێبووە.

بەقسەی رێکخراوی هەنگاو، هەر هەمان رۆژ لە فولکەی مەولەوەی شاری پاوە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و لە ئەنجامدا دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بەناوەکانی پەیمان نەقیزادە و ئاڕمان نەقیزادە کە باوک و کوڕ بوون بە سەختی برینداربوون.