تەندروستی سلێمانی ئاماری چوار مانگی رابردووی کارەکانی بانکی خوێنی بڵاوکردەوە

لە سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار بوتڵ خوێن بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دابین کراوە

ژێوار خدر

پرۆسەی دابینکردنی خوێن بۆ تووشبووانی تالاسیمیا لە شاری سلێمانی بەردەوامە و لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بڕێکی زۆر خوێن بۆ ئەو نەخۆشانە دابین کراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش ئاماری وردی کارەکانی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارەکەی تەندروستی سلێمانی، لە چوار مانگی رابردووی ئەمساڵدا سێ هەزار و 400 بوتڵ خوێن لە بانکی خوێنی شارەکە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دابین کراوە، زۆرترین بڕی خوێنیش لە مانگی ئازاردا بووە کە 906 بوتڵ بووە، لە مانگی کانوونی دووەمدا 874 بوتڵ و لە مانگی نیساندا 856 بوتڵ خوێن دراوە بە نەخۆشەکان.

هەر لەو ئامارەدا هاتووە، لە مانگی شوباتدا 764 بوتڵ خوێن بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دابین کراوە، ئەم هەنگاوەی تەندروستی سلێمانی بۆ ئەوەیە هیچ گرفتێکی کەمیی خوێن بۆ ئەو کەسانە دروست نەبێت کە ژیانیان بەستراوەتەوە بە گۆڕینی بەردەوامی خوێن و چارەسەرەکانیان بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت.