دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد

پۆلیسی دارستانی سلێمانی بەدوای داربڕەکانی خەلەکاندا دەگەڕێت

ژێوار خدر

پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بڕینی چەند درەختێک لە سنووری گوندی کانی وەتمان، ئەمەش دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئەو شوێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی دروست کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، دوای بینینی ڤیدیۆی بڕینی دارەکان لە رێگەی نێوان خەلەکان و کانی وەتمان، بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان راسپێردراوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی خێرا بۆ ئەو کارە بکەن. هەر بۆیە بەڕێوەبەری بەشەکە سەردانی مەیدانی شوێنەکەی کردووە و لەگەڵ ئەنجومەنی گوندی کانی وەتمان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەو دارانەیان بڕیوە.

پۆلیسی دارستان داوا لە هاوڵاتیان دەکات چاوکراوە بن و رێگری لە هەر سەرپێچییەک بکەن کە زیان بە سروشت و ژینگە دەگەیەنێت. دەشڵێت، هەر کەسێک وێنە یان ڤیدیۆی ئەو سەرپێچیکارانەی لایە کە زیان بە دارستانەکان دەگەیەنن، بیدات بە هێزەکانیان بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر، چونکە پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو لایەکەوەیە و نابێت رێگە بە تێکدانی سیمای ناوچەکە بدرێت.