ساڵێکە دروست کراوە

بە بایەکی پایزە دەروازەی قەرەتەپە داڕوخا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا

964+

راژان باجەلان – خانەقین

ئێوارەی ئەمڕۆ دەروازەی قەرەتەپە بەهۆی رەشەباوە روخا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە جگە لە زیانی مادی.

وەسفی تەمیمی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە 964ـی وت، ئەم دەروازەیە ماوەی ساڵێکە تەواو بووە و لەلایەن کۆمپانیایەک دروستکراوە و تێچووەکەی لەسەر سندوقی بوژانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی داعش بووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوای بایەکی بەهێز کەوتووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( تۆیۆتا کرۆلا ) و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

وتیشی، تێچووی پارە و کاتی خایاندنی دروستکردنی لەلایەن ناحیەوە نەزانراوە بەهۆی ئەوەی ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری شارەوانی ناحیەکە.

بەهۆی کەوتنی ئەو دەروازەیەوە هاوڵاتیانیش رەخنە لە کارەکانی حکومەت دەگرن و دەڵێن دوای ساڵێک ئەو دەروازەیە بەرگەی رەشەبایەکی نەگرتووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی