خێرخوازێک زەوی بێبەرامبەر بۆ مردووەکان دابین دەکات
مردیشن خەمتان نەبێ
میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر
خێرخوازێک لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، 10 دۆنم زەوی دابینکردووە بۆ ئەوەی بکرێتە گۆڕستان بۆ مردووەکانی ناوچەکەی.
خێرخوازەکە ناوی حاجی سامی گەردییە دەڵێت، “تەنها لەبەر خاتری خودا زەوییەکە دەبەخشم”.
میدیازان قسەی حاجی سامی وەرگرت، ئەو باسی لەوەکرد، کە خەڵکی ناوچەکە داوایان لێکردووە ئەگەر بە پارەش بێت زەوییەکانی بفرۆشێت پێیان بۆ ئەوەی بیکەن بە گۆڕستان، بەڵام حاجی سامی بڕیاریداوە بە خۆڕایی زەوییەکانی بەو مەبەستە ببەخشێت.
بە قسەی خێرخوازەکە، پێشتر نرخی یەک دۆنم زەوی لەو ناوچەیە بە یەک دەفتەر دۆلار بووە (14 ملیۆن و 800 هەزار دیناری عێراقی).
حاجی کەریم، خەڵکی ناوچەکەیە و سەرپەرشتی دوورستکردنی سیاجی گوڕستانەکە دەکات، بە میدیازانی وت، گۆڕستانە کۆنەکە بچووک بوو، هەروەها گۆڕەکان نزیک بوبوونەوە لە ماڵ و خانووی خەڵکی، دوورستکردن و دابینکردنی گۆڕستانی نوێ زۆر پێویست بوو بۆ ناحیەی رزگاری، “هەربۆیە دەستخۆشی لە حاجی سامی دەکەین”.
لەبارەی تێچووی ئامادەکردنی زەوییەکەوە بۆ گۆڕستان، حاجی کەریم باسی لەوەکرد، دورستکردنی سیاج و راستکردنی زەوییەکە و کرێی وەستا و کرێکار نزیکەی 19 ملیۆن دیناری تێدەچێت، کە دەبێت 15 هەزار بلۆک و نزیکەی 30 تۆن چیمەنتۆی تێدا بەکاربێت.
بە وتەی حاجی کەریم و خەڵکی ناوچەکە، ئەو تێچووانە لەلایەن شێخ باز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار گروپ دەگیرێتە ئەستۆ.
باس لەوەشدەکەن، “هاوکاری تەواویان بۆ کراوە” لەلایەن شارەوانی ناحیەی رزگاری بە دابینکردنی پێداویستییە لۆجیستییەکان.