شیعەکان خێوەتیان هەڵداوە

لە خانەقینەوە کۆمەکی لوبنان دەکرێت 

+964

راژان باجەڵان – خانەقین

لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی  شیعە مەزهەبەکانی خانەقین لە فلکەی عەزیز پشتیوان خێوەتێکیان هەڵداوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ وڵاتی لوبنان.

حەیدەر ئەبوزەهرا، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئەم هەڵمەتەیە بە964ی وت، لە ئێوارەی  دوێنێ سێشەممە 24.9.2024ـەوە ئەم خێوەتە هەڵدراوە و خەڵکی خانەقین مادە خۆراکییەکان و هەندێکیان پێخەف و پێداویستی تر دێنن و هەتا هەفتەیەک ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و لەم دوو رۆژەی یەکەمدا سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە خێر و کۆمەکی خۆیان گەیاندووە .

مەهدی شاوەلی خۆبەخشێکە لەم هەڵمەتە بە 964ی وت،  “هەموومان پابەندین بە بڕیارەکانی مەرجەعمان و ئێستا لوبنان کە توشی ئەو شەڕە بووە لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت هەموومان پاڵپشتیان بین و داوا دەکەین لە خەڵک هەموو جۆرە خواردنێک و هەروەها خواردنی قوتو شیر و دایبی بهێنن بۆ خێوەتەکەمان”.

لە چەند حوسەینیەیەکی تریشەوە خەڵک کۆمەکی خۆیان گەیاندووە و سەرجەم ئەم یارمەتییانە بەناوی خەڵکی خانەقینەوە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو لە فلکەی عەزیز پشتیوانەوە بۆ لوبنان بەڕێبکەوێت.

چەند رۆژێكە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە باشووری لوبنان چڕبووەتەوە و تا ئێستا نزیكەی لە 300 كەس لە باشووری لوبنان كوژران و بە سەدانی دیكە بریندارن، جگە لەوەی بە سەدان كەسیش ماڵ و حاڵیان لە ترسی بۆردومانەكانی ئیسرائیل جێهێشتووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش