بۆ دانانی دوو شوێن دیاری کراوە

چێنەر؛ پەیکەرەکەی حەسەن زیرەکیش دەنەخشێنێ

964+
ئەحمەد مستەفا

حەسەن زیرەک، وەک هونەرمەندێکی دیاردەی کورد، سەدا و گۆرانییەکانی لە یادگەدا ماونەتەوە، چێنەر نزاری پەیکەرساز بەوە ئاسودەیە نەخشاندنی پەیکەرەکەی بە ئەو سپێردراوە.

چەند مانگێکە لە سلێمانی و لە گەنجینەکەیدا، چێنەر سەرقاڵی قۆناغی دیزاینکردن و نەخشاندنی پەیکەری هونەرمەندی کورد، حەسەن زیرەکە، قۆناغی قوڕکاری تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە قاڵبکاری پەیکەرەکەیە.

چێنەر لە بارەی دروستکردنی پەیکەری حەسەن زیرەک بە 964ی وت، قۆناغی قوڕکاری سەخت بوو، بە تایبەت کارکردن لە دەموچاویدا وردەکاری زۆری پێویست بوو، دوای ديراسەکردنی وێنەکان و هێڵکاری و دووبارەکردنەوەی لە قوڕەکەدا، توانیم دەموچاوی هونەرمەند دروست بکەمەوە.

ئەو کەسانەی هونەرمەند حەسەن زیرەکیان بینیوە لە ماوە ژیانیدا، سەردانی چێنەریان کردووە و پێیان وتووە، ئەوەی نەخشاندووتە بە وردەکارییەکانیشەوە بە تەواوی نزیکە لە رووخسار و قەد و باڵای هونەرمەند، کە بەرزی پەیکەرەکە دوو مەتر و 45 سانتیمەترە.

چێنەر کە بڕیاری وایە، لە چەند رۆژی داهاتوو دەستبکات بە قاڵبکردنی پەیکەرەکە، بە 964ی وت، “دوو لۆکەیشن دیاری کراوە بۆ دانانی پەیکەرەکە،  تەمەننای ئەوەم کردووە کار بۆ کۆمەڵە کەسانێک بکەم، یەکێک لەوان حەسەن زیرەک بووە و هیوادارم بتوانم کارەکەم جێگە بگرێ و شوێنێکی گونجاوی بۆ دابنێین”.

پرۆژەی ئەم پەیکەرە لەسەر ئەرکی، دکتۆر تەها رەسوڵ و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت جێبەجێ دەکرێت، بە هاڕاوە و بەردی مەڕمەڕ داڕێژراوەتەوە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەرەکە لاببرێت، چێنەر پەیکەرساز و دەست رەنگێنێکی سلێمانییە زۆرینەی شار پڕن لەو پەیکەرانەی بە دەستی ئەو دروستکراون، لەوانە (عەولە سیس، دڵشاد مەریوانی، ژەنەڕاڵی پایز، عەتا چاوشین، ئەحمەد شەماڵ، شێرکۆ بێکەس، پیرەمێرد و بەختیار عەلی) و دەیانی دیکە.

29ی تشرینی دووەمی 1921 لە بۆکان، حەسەن زیرەک ھونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد  لە دایک بووە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد لە تەواوی کوردستاندا دادەنرێت، بەرچاوترین کاری، کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە گۆرانی و ئاوازی تۆمارکراوی کوردی بوو بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان لە 1000 گۆرانی زیاترە، کە هاتە کۆچی دوایشی کرد لە ساڵی 1972 لەسەری بەردەوام بووە.

زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی رۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، ھەرچەندە بەھۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام لە ئاوازدانان و شیعر و موزیکی کوردی شارەزا بوو، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگیدا، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری کوردستاندا کردە جێی بایەخ، گۆرانییەکانی ھەتا ئێستاش لە بۆنە و یاد و سەیرانگەکاندا دەبیسترێن.

دیمەنی کارکردن لە پەیکەری حەسەن زیرەک؛