داتایان نەماوە

زیاتر لە 200 کارتی نەوت لە پێنجوێن کێشەیان هەیە

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

تا ئێستا زیاتر لە 200 کارتی وەرگرتنی نەوت لە قەزای پێنجوێن، کێشەیان هەیە و گەڕێندراونەتەوە بۆ قایمقامیەت.

هاوکار عومەر، نوێنەری کاروباری کارتە نەوتییەکان لە پێنجوێن بە 964ـی وت، لە رۆژی 21ـی مانگەوە کە دابەشکردنی نەوت دەستی پێکردووە، لە پێنجوێن زیاتر لە 200 کارتی نەوتیان بۆ گەڕێندراوەتە و پێشبینیش دەکەن زیاتر بێت و دەبێت دووبارە بۆیان تازە بکرێتەوە.

وتیشی، کێشەکە ئەوەیە کارتەکان داتایان نەماوە و ئامێرەکە نایانخوێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو کارتانە لە ساڵی 2016 دروستکراون و ئێستا بەسەرچوون و خاوەن کارتەکانیش نەچوون بەدەم رێکارەکانیانەوە.

باسی لەوەش کرد، هەفتەی پێشوو لە رێگەی بریکاری خۆراکەوە زیاتر لە سێ هەزار کارتیان گەڕاندووەتەوە بۆ هاوڵاتیانی پێنجوێن.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێکیان کێشەی دیکەیان هەیە، یەکێک لەوانە گواستنەوەی بریکاری خۆراکە، کە دەبێت دووبارە کارتەکە تازە بکرێتەوە و ناوی بریکارەکەی لێ بنووسرێت، بەشێکیشیان ئەو کەسانەن کە مردوون و هیچ میراتگرێکیان نەماوە و ئەو کارتانەش رادەگیرێن.

سەبارەت بە رێکاری تازەکردنەوەی کارتەکان هاوکار عومەر وتی، تەنیا پێنج هەزار دینار بۆ تازەکردنەوەی کارتەکان وەردەگیرێت و دوای تەواوبوونی کارەکانیان کارتە نوێیەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە و لە رێگای بریکارەکانیانەوە پێیان دەدرێتەوە.

پێنجوێن خاوەنی 12 هەزار و 200 کارتی نەوتییە، بۆ ئەوەی هەر خێزانێک بتوانێت 200 لیتر نەوت وەربگرێت، پێویستی بە بڕی دوو ملیۆن و 440 هەزار لیتر نەوت هەیە .

رۆژی 21.9.2024 لە گەڕەکی راوگانەوە دەست کرا بە دابەشکردنی نەوت و بە چەند قۆناغێک لە سەنتەری پێنجوێن و هەردوو ناحیەکەی دابەش دەکرێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

​سبەی پێنجوێن نەوت وەردەگرێت

​سبەی پێنجوێن نەوت وەردەگرێت