دوای پێشبینی شارەزایەکی کورد
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە ئێرانی هەژاند
964+
شۆڕش قادری
دوای ئەوەی شارەزایەکی کەشناسی کورد پێشبینی روودانی بومەلەرزەیەکی بەهێزی لە سنوورەکانی ئێران کرد، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە لەو وڵاتە روویدا و زیانی ماددی و گیانی لێکەوتەوە.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە بە پێوەری ریختەر شاری بێجنوردی لە پارێزگای خۆراسانی باکوور هەژاندووە و بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان 28 کەس بریندار بوون.
تەقی دەوڵەت ئابادی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای خۆراسانی باکور دەڵێت، “18 کەس لەو بریندارانە بەشێوی سەرپێیی چارەسەر کراون و ئەوانی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکیـدان”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەو 28 کەسە، 10 کەسی دیکەش تووشی سترێس و دڵەڕاوکێ بوون.
هەر بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، سەرجەم قوتابخانەکانی بێجنورد بۆ سبەینێ دوشەممە 23.9.2024 دادەخرێن و ناکرێنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارە ئەمڕۆ سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی پێشبینییەکی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “لە پلێتەکانی باکووری ئێران و سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران تا دەگاتە پارێزگای کرمانـی ناوەندی ئێران، جوڵەیەکی زۆر هەیە و وزەیەکی زۆر کۆبووەتەوە، هاوکات فشارێکی زۆر هەیە له پارێزگای خۆراسانی باکوور لە خۆرهەڵاتی ئێران”.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەگەر هەیە لەم کاتەوە تا ماوەی هەفتەیەک بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە سەرووی 5 یان 6 پلە لەو ناوچانە رووبدات.
دوای روودانی بوومەلەرزەکەی ئێران، سیروان ساڵح بە 964ـی وت، “ئەگەر هەیە جگە لەو بوومەلەرزەی ئێوارەی ئەمڕۆ، چەند بوومەلەرزەیەکی دیکەش لەو ناوچانە روو بدەن”.
سەبارەت بە کاریگەری ئەو بوومەلەرزانە لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سیروان ساڵح وتی، “دەبێ چاودێری بکەین و ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلە یان زیاتر رووبدات، بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر جوڵانی پلێتەکانی سنوورەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت”.