نرخی ناشتنی مردوو هەرزانترە لە گۆڕستانەکانی دیکە

گۆڕستانە نوێکەی سلێمانی بەکاربهێنن

+964

ژێوار خدر

شارەوانی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات گۆڕستانە نوێکەی سلێمانی بەکاربهێنن، بۆ بەخاک سپاردنی مردووەکانییان و دەشڵێت نرخەکەی کەمترە لە گۆڕستانەکانی دیکە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئێمە دەمانەوێت هانی هاوڵاتییان بدەین لەمەودوا بۆ ناشتنی مردووەکانیان گۆڕستانە نوێکە بەکاربهێنن.

وتیشی، رووبەری گۆڕستانە نوێکە 200 دۆنم زیاترە، نرخی ناشتنی مردوو کەمترە بەراورد بە گۆڕستانەکانی دیکە، هیچ گرفتێکی هاتوچۆ نیە لە کاتی هێنانی جەنازە یان سەردان کردنی گۆڕستانەکە و رەچاوی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کراوە.

سەبارەت بە نرخی بە خاک سپاردنی مردوو لە گۆرستانەکانی سلێمانی زەردەشت رەفیق باسی لەوە کرد، نرخی ناشتنی مردووی منداڵ 75 هەزار دینار و گەورەش 150 هەزار دینارە، ئاماژەی بەوەدا کە لەم گۆڕستانە نوێیە نرخەکە کەمترە بەڵام زانیاری نەبوو ابەدیاریکراوی نرخەکە چەند دەبێت.

روونیشیکردەوە، گۆڕستانەکە 24 کاتژمێر کراوەیە و پاسەوانی بۆ دابینکراوە و هاوکاری هاوڵاتییان دەبن لە کاتی بەخاکسپاردنی مردوودا.

لە سلیمانی 25 گۆڕستان هەن و زۆربەیان شوێنی مردوو ناشتنیان تێدا نەماوە و ئەم گۆڕستانە تازەیەش دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلیمانی و نزیک کۆمەڵگەی مامۆستایان.

شارەوانی سلێمانی: مردوو بەرنە گۆڕستانە تازەکە

شارەوانی سلێمانی: مردوو بەرنە گۆڕستانە تازەکە