ساڵی پار لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ تورکیا هەبوو
عێراق رێکەوتنێکی لەبارەی بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی واژۆ کرد
فەرهاد حەسەن
عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی واژۆ کردووە، بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو و رووپێوکردنی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای (کۆلای سۆفت)ی تورکی گرێبەستەکەیان لە بەغدا واژۆ کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لەو گرێبەستەدا چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو دادەنرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەکاربهێندرێت و ئەو کەرتە بکرێتە ئەلیکترۆنی.
ئاوی عێراق دەڵێت، گرنگی ئەو گرێبەستە لەو ئاستەنگە ژینگەییانەدایە کە عێراق رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئاو کە وادەکات پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ ببەسترێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ئاو و رێکەوتنەکەش هیچ پابەندییەکی دارایی لەسەر وەزارەتەکەیان دروست ناکات.
عێراق، سوود لە ئەزموونی کۆمپانیاکە وەردەگیرێت لە بواری پەیوەندی و سیستمی تەواو بۆ چاودێری و پێوانەکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و کۆکردنەوەی داتاکان و بەڕێوەبردنیان.
پێشتر، لە ساڵی 2025 لێکتێگەیشتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە، کە سندووقێکی تایبەت بە پارەدارکردنى تێچووی پڕۆژەکانی کەرتی ئاو لە داهاتی نەوت دروستبکرێت و پڕۆژەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن.