پاییزەکەمان بە باران دەستپێکرد

لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی باران دەبارێت

964+

شۆڕش قادری

پلەکانی گەرما بەردەوامن لە دابەزین و لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیش باران بارین دەستیپێکرد.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی 20.9.2024 ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت، لە دواى نیوەڕۆدا لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگای هەولێر و هەندێک لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى سلێمانى پێشبینى نمە باران و تاوە باران دەکرێت، پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێم، لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بە لاوازی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور دەمێنێتەوە.

پلەی گەرماش لە ناوچە شاخاوییەکان و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان نزمتر دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

بۆ سبەینێ شەممە 21.9.2024 ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و پەڵە هەوردا دەبێت و پلەی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 35 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 34 پلەی سیلیزی

دهۆک: 31 پلەی سیلیزی

کەرکوک: 37 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 30 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 22 پلەى سیلیزى

سۆران: 32 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی