توێژینەوەیەک:
پێشکەشکردنى هاوکارى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان مەرجدارکراوە
964+
وریا فەتاح
بەپێى توێژینەوەیەک کە لەگەڵ ئەو رێکخراو و لایەنانە ئەنجامدراوە کە هاوکارى کۆمەڵایەتى پێشکەش دەکەن، دەردەکەوێت کە لە پێشکەشکردنى هاوکارییەکاندا ئاڵۆزى هەیە و رەچاوى ماف و تایبەتمەندى ئەو کەسانە لەبەرچاو نەگیراوە کە هاوکارییەکە وەردەگرن.
ئەم توێژینەوەیە بەشێکە لەزنجیرە توێژینەوەیەک بەناوی “باشترکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی لەکاتی قەیرانەکاندا” و لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت و بەهاوبەشی لەنێوان پەیمانگەی IDSـى بەریتانی و رێکخراوی پاسەوان لە کوردستان ئەنجامدراوە.
د. هەرێم کەریم لە رێکخراوى پاسەوان کە یەکێکە لە توێژەرانى توێژینەوەکە بە 964ـى وت،”بۆ ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵێک بەشداربوو لە رێکخراوەکانى سلێمانى و دهۆک بانگکراون، بەتایبەت ئەو رێکخراوانەى کە هاوکارى کۆمەڵایەتى پێشکەش بە خەڵک دەکەن، ویستمان بزانین چۆن هاوکارى کۆمەلایەتى وەردەگیرێت و چۆن دابەشدەکرێت و پەیوەندى رێکخراوەکان چۆنە بەیەکەوە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، نارێکخراوییەکى زۆر و پەرتەوازەیى و نادادییەکى زۆر لە دابەشکردنى هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، بەشێوەیەک نە رێکخراوەکان پەیوەندییان بەیەکەوەیە و نە داتایەکى دروست هەیە کە زانیارى و ئامارى پێویستى تێیدابێت لەبارەى ئەو کەسانەى کە پێویستیان بە هاوکارى کۆمەڵایەیتییە.
“لە هەرێمى کوردستان، پێدانى هاوکارى کۆمەڵایەتى بە خەڵک مەرجدارکراوە و وێنە و ڤیدیۆ و زانیارى کەسیان لێوەردەگیرێت، ئەوەش لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک مەرج بەسەر رێکخراوە ناوخۆییەکاندا سەپێنراوە”، د. هەرێم کەریم واى وت.
لەم لینکەوە پوختەى توێژینەوەکە ببینە:
بەمەبەستى توێژینەوەکە باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییە لە هەرێمى کوردستان کە رێکخراوى پاسەوان بە هاوکارى پەیمانگاى پەرەپێدانى توێژینەوەى بەریتانى (IDS) ئەنجامیداوە، سەرنجى تەواوى لەسەر بارودۆخى ژیانى ئەندامان و گرووپە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە و ئەزموونیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى دەخاتە ڕوو.
بڕیارە رۆژى 14.10.2024، لە کۆنفرانسێکى گەورەدا لە رۆماى پایتەختى ئیتاڵیا، راسپاردەکانى ئەو توێژینەوەیە بخرێتەڕوو بە تایبەت لابردنى مەرج بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى کۆمەڵایەتى.