لە 11ـی سێپتەمبەردا
سەردانەکەی پزیشکیان بۆ بەغدا و هەولێر رێکەوتە یان پلان بۆ داڕێژراو
+964
ژووری هەواڵ
مەسعود پزیشکیان سەرۆکە ریفۆڕمخوازەکەی ئێران دێتە عێراق و کوردستان بۆ ئەوەی دوو کەلیمە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە بڵێت، ئێرانێک کە خاوەنی قسەی یەکلاکەرەوەیە لە سیاسەتی عێراقدا، هاتنی سەرۆکەکەی کەم بایەخ نابێت و زۆری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
هەم رۆژو هەم کاتی سەردانەکە هەڵگری دوو پەیامی جیاوازن، کاتی سەردانەکە رۆژی 11ی سێپتەمبەرە، ئەو رۆژەی هێرش کرایە سەر دوو باڵەخانەکی نیویۆرک و بووە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لەم ناوچەیە، پزیشکیان ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لەو کاتەوەی بووە بە سەرۆک، هەڵبژاردنی عێراق پەیامێکی روونە بۆ ئەوەی بڵێت لە سیاسەتی سەرۆکی نوێشدا ئەم وڵاتە بە قوڵی شوێنی خۆی گرتووە.
پزیشکیان زۆر چاوی لەسەر ئەوەیە بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان ئێران بەرووی دەرەوەدا بکاتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئاخۆ ئەم کارەی پێ دەکرێت یان نا؟
پزیشکیان کە لە چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە نۆیەمین سەرۆک کۆمار، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، رزگارکردنی وڵاتەکەی لە چەقبەستوویی سیاسی، بوژاندنەوەی ئابوری، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و توندوتیژی لە ترۆپکی دروشمەکانیدا بوو و بەردەوام پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی فەقیر و هەژار دەکرد.
هەرچەندە زووە پاش یەک مانگ لە دەستبەکاربوونی، بڕیار لە سەر توانا و کارنامەی پزیشکیان بدەیت، بەڵام وەک دەڵێن ساڵی نوێ لە بەهارەکەیەوە دیارە و ئەستەمە لە ئێران کەسێک بتوانێت تابۆی دەسەڵاتداری عەلی خامنەئی رێبەر، بشکێنێت و لەبری کەسی یەکەمی مەملەکەت بڕیار بدات.
هەر لە یەکەم مانگی دەستبەکاربوونی پزیشکیان واتە مانگی ئاب، ئاماری گرتن و لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە مانگی پێشووتر بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە و تەنیا لەو مانگەدا لانیکەم ٩٤ کەس لەسێدارەدران، هاوکات رەوش و گوزەرانی خەڵک، هیچ باشتر نەبووە و نرخی خۆراک و پێدوایستی سەرەکی نەک هەرزان نەبووە بەڵکو بەردەوام روو لە هەڵکشانە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوە و کەسێکی دیاری ناو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران رۆڵی بەرچاوی لە هەڵمەتی بانگەشەکانی پزیشکیان بینی و وەک راوێژکار، شانبەشانیی بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دەکرد، بۆیە پزیشکیانیش دوای سەرکەوتنی، زەریفی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی بۆ کاتی راگواستنی دەسەڵاتی حکومەتی چواردەیەم دیاریکرد و ئەرکی ناساندنی وەزیرەکانی پێسپێردرا، بەڵام پاش مشتومڕێکی زۆر لەسەر وەزیرە پێشنیازکراوەکان بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە لە پەرلەمان، زەریف دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە و بوو بە جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان.
بوونی زەریف لە دەوڵەتی پزیشکیان، ئاماژەیەکە بە خواستی سەرۆک کۆماری نوێ بۆ گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015.
لەلایەکی دیکەوە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس لە 31ی تەمووزی ئەمساڵ، وەک میوانێکی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان لە ناو جەرگەی تاران، ئەو گومانەی لای چاودێرانی سیاسی دروست کرد کە دەستی خودی ئێرانی تێدا بێت، بەوەی کە تا ئێستا هەڕەشەی بەپرسانی سەربازیی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بێ ئاکام ماوەتەوە، بۆیە وادەردەکەوێت نەیانەوێ هێچ کرانەوەیەک بەڕووی وڵاتانی رۆژئاوا رووبدات.
بەڵام سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وەک یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات، ئاماژەیەکە بەوەی سەرۆک کۆمارە کوردیزانەکە دەیەوێ رچەی گەیشتن بە لوتکەی ئامانجەکانی لێرەوە بشکێنێت.
107 پهرلهمانتار دژی دانانى بوون
پهرلهمانى ئێران دانانى كوردهكهى وهك جێگری سهرۆككۆمار رهتكردهوه
وتبووی "ئەمریکا بە دوژمن نازانین"
پزیشکیان بۆ کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە ئەمریکا
کێ وتی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت؟
قوباد تاڵەبانی بۆ 964: سەردانی سەرۆکی ئێران بۆ سلێمانی پەیامێکی گرنگ بوو
"سنووری وڵاتە ئیسلامییەکان هەڵبگیرێن"
مەسعود پزیشکیان چەند پێشنیازێکی ئاراستەی لەتیف رەشید کرد
سەردانی هەولێر و سلێمانیش دەکات
سەرۆک کۆماری ئێران بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
"سەرچاوەی هەڕەشە نابین"
نێچیرڤان بارزانی بۆ پزیشکیان: گەشتیاران زیاتر لە هەرێمەوە هاتوچۆ بکەن
سەرۆكی هەرێم ئامادە دەبێت