بەبێ ئەوەى بیناسێت

هەموو بوتڵەکانى سووتان؛ خێرخوازێک هەمووى قەرەبوو کردەوە

964+
ئەحمەد محەمەد- سلیمانى

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، ئاگرێک رەنج و ماندوبوونى کاسبکارێکى سلێمانى کرد بە سوتماک و 175 بوتڵ غازى لێ سووتاند، بەڵام کەسێکى خێرخواز و بۆخوا سوڵحاو، نەیهێشت کاسبکارەکە تووشى کەوتن بێت و هەموو بوتڵەکانى بۆ قەرەبوو کردەوە و 175 بوتڵى نوێ و کارپێنەکراوى بۆ ناردەوە.
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوكانێكی بریكاری غازی ماڵان لە گەڕەكی كارێزەوشكی سلێمانی ئاگر كەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سەرجەم كەلوپەلەكانی دوكانەكە و بەشێكی دەرگا و پەنجەرەی پێشەوەی ئەو ماڵەش کە دوکانەکەی تێدا بوو سووتاوە

دواى ئەوەى بە هەوڵى دوکانداران و کاسبکارانى گوزەرەکە کە قۆڵیان لێى هەڵماڵیو پاشماوەى دووکانە سووتاوەکە پاککرایەوە، لەوکاتەدا دوو تەنییەک بە 175 بوتڵى غازى نوێوە گەیشت کە لە لایەن خێرخوازێکەوە وەک قەرەبووى ئەو 175 بوتڵە سووتاوە نێردرابوو.
محەمەد رەسوڵ کە خاوەنى ئەو دوکانە سووتاوەیە بە 964ـى وت،”ئەو کەسە ناناسم و یەکتریمان نەبینیوە، بەڵام بارى سەرشانى لەسەرم سووککرد و ئەوەى لێم سووتابوو بۆى قەرەبوو کردمەوە”.
وتیشى،”بۆ حاڵەتێکى ئاوایە کە دەڵێین سلێمانى، چونکە لە کاتى تەنگانەدا لەگەڵت دەبن و وەک من هاوبەش و خەمخۆرى ئەو رووداوە بوون”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح