"ساڵی داهاتوو تەواو دەبن"
لە هەولێر چوار پارکی گەورە دروست دەکرێن
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێر چوار پارکی گەورە دروست دەکرێن و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێرێش دەڵێت، پێشبینی دەکەن ساڵی داهاتوو سەرجەم پارکەکان بکەونە خزمەتی هاوڵاتیان.
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “بە مەبەستی گرنگیدان بە سروشت و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و خزمەتکردنی زیاترى هاوڵاتیان، لە هەولێر چوار پارکی گەورە دروست دەکرێن”.
“لە کەنار شەقامى خێراى 150 مەتری لە سەر رووبەری 150 هەزار مەتر چوار گۆشە بە تێچووی سێ ملیار و 700 ملیۆن دینار پارکێک دروستکراوە و تەواو بووە”، رێبین ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەو سێ پارکەی تر بریتین لە:
-سەوزکردنی یەکتربڕی شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە ڕێگای هەولێر-موسڵ، لەسەر رووبەری 250 هەزار مەتر و بە تێچووی زیاتر لە سێ ملیار و 420 ملیۆن دینار.
-دروستکردنى پارکى ڕەشکین لە سەر رووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر چوارگۆشە و بە تێچووی 15 ملیار دینار.
-دروستکردنی پارکی گەڕەکى ژیان، لەسەر رووبەری 19 هەزار مەتر چوارگۆشە و بە تێچووی یەک ملیار و 40 ملیۆن و 477 هەزار دینار.
رێبین ئەحمەد وتیشی، کارەکانی ئەو ئەو سێ پارکەش بەخێرایی دەڕواتە پێش و بەشێک لە کارەکانیان تەواو بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو بکەونە خزمەتی هاوڵاتیان.