دیمەنێک لە پڕکردنەوەی فۆڕمی کەمئەندامان _ وێنە: 964
خاوەن پێداویستە تایبەتەکانی چەمچەماڵ
بڕۆن بایۆمەتری بکەن دەنا موچەکانتان دەبڕدرێت
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ، ئاگاداری خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان دەکاتەوە، لەم هەفتەیەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، بەمەبەستی دروستکردنی کۆدی بایۆمەتری، ئەگەرنا موچەکەیان رادەگیرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگادارییەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە، داوا لە خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامانی قەزاکە دەکات، کە موچەی کەمئەندامییان هەیە، لەم هەفتەیەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ بکەن و کۆدی بایۆمەتری دروست بکەن.
دەشڵێت، پێویستە کارتی نیشتمانی و پێناسی موچەی کەمئەندامی لەگەڵ خۆیان بهێنن، ئەوانەی کۆدی بایۆمەتریان هەیە کۆدەکان بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ.
روونیشیکردووەتەوە، هەر کەمئەندامێک سەردانیان نەکات و بایۆمەتری نەبێت، موچەکەی رادەگیرێت.
ناونیشانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ، گەڕەکی ئاسوودە تەنیشت مزگەوتی سالار فەقێیە.