20 رۆژە لە ماڵەکەی خویدا مردووە و کەس پێی نەزانیوە
+964
شڤان عەبدوللا – زاخۆ
هاوڵاتییەکی مەسیحی لە کۆمەڵگەی بێرسڤی سەر بە ئیدارەیی زاخۆ، دوای چەند رۆژێک لەدیارنەمانی، ئەمڕۆ مردنی راگەیەنرا.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادی، دەرکەوتووە ئەو کەسە 20 رۆژە گیانی لەدەستداوە.
(ص. م. ب.) ئەو هاوڵاتییە کریستیانەیە کە دانیشتووی کۆمەڵگەی بێرسڤییە و تەمەنی 75 ساڵە، لەو کاتەی گیانی لەدەستداوە بە تەنیا لە ماڵەوە بووە.
رائید ئەحمەد رەمەزان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ بۆ تۆڕی964 قسەی کردووە دەڵێ: دوای چەند رۆژێک لەدیارنەمانی هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ ئاگادار کراوەنەوە بە بوونی تەرمێک لە ماڵێک، دوای گەیشتنمان بڕیاردرا رەوانەی پزیشکی دادی بکرێت تا روون بێتەوە لە کەیەوە گیانی لەدەستداوە. زیاتر وتی “ئەو هاوڵاتییە هیچ کەس لەخێزانیدا نەبووە بە تەنیا لە ماڵەوە دەژیا، هیچ ئاسەوارێکی گوللـە یان ئەشکەنجە بە جەستەیەوە نەبوو”.
ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی زاخۆ بۆ تۆڕی964 وتی: لە لێکۆڵینەکانماندا دەرکەوتووە زیاتر لە 20 رۆژە گیانی لەدەستداوە، بەڵام رەوانەی نەخۆشخانە لە دهۆک کراوە بۆ ئەوەی پشت راست بین لە ماوەی گیان لەدەستدانی.