8.8.1988
36 ساڵ پێش ئێستا جەنگی نێوان عێراق – ئێران وەستا
+964
توانا نەقی
36 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 8.8.1988 شەڕی درێژخایەنی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران وەستاو کۆتایی بەو جەنگە هات.
جەنگە خوێناویەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق کە بە یەکێک لە جەنگە درێژەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت لە 22ـی ئەیلولی 1980 دەستی پێکرد و لە 8.8.1988 کۆتایی بە زەرەرووزیانێکی زۆری مادی و مەعنەوی بۆ هەردوولا کۆتایی پێهات.
شەڕی ئەم دوو دەوڵەتە نەیارو دراوسێیە سەری هەڵدا، گێڕانەوەی جیاواز هەیە بۆ سەرەتای شەڕەکە، عێراق دەڵێت ئێران دەستپێشخەری کردووە و ناوچە سنوورییەکانی بۆردومان کردووە، ئێرانیش دەڵێت عێراق دەستپێشخەر بووە و بە فڕۆکە هێرشی کردوونەتە سەر.
ساڵێک پێش شەڕەکە سیستەمی فەرمانڕەوەیی ئێران گۆڕابوو خومەینی دەسەڵاتی گرتبووە دەست و کۆتایی بە حوکمی شا هێنابوو، لە عێراقیش سەدام بووبووە سەرۆک کۆمار و شوێنی ئەحمەد حەسەن بەکری گرتبووەوە.
هەر دوولایەنی شەڕ هەرچییان لە دەست هات کردیان، تەڕ و وشکیان پێکەوە سوتان، شەوانەش شاشەی تەلەفزیۆنەکان بڕگەی جێگیریان هەبوو بۆ پیشاندانی کوژراوەکانی یەکتر.
جەنگ حەوت ساڵ و 10 مانگ و 29 رۆژی خایاند، بە هەردوو لا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کوژران و دوو ئەوەندەش بریندار بوون، زیانە داراییەکانیش بە 400 ملیار دۆلار مەزەندە کران.