فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران:

غه‌ساله‌كان رێڕه‌و و سروشتى رووباره‌كانيان تێكداوه‌ و هۆكارى خنكانى هاوڵاتیانن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى سۆران ژماره‌یه‌ك غه‌ساله‌ له‌سه‌ر رووباره‌كاندا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ژینگه‌ى ئه‌م ئیداره‌یه‌ كاره‌كانیانى به‌دڵ نییه‌ و ده‌ڵێت، رێڕه‌و و سروشتى رووباره‌كانیان شێواندووه‌ و پابه‌ندی رێنماییه‌كانیان نین، هۆكارێكیشن بۆ خنكانى هاوڵاتیان.

هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران به‌ 964ـى وت، غه‌ساله‌كان ژماره‌یان نزیكه‌ى 20 دانه‌یه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر رووباره‌كانى باڵه‌كیان و چۆمان.

وتیشی “زیانه‌كانى ئه‌و غه‌سالانه‌ بریتیه‌ له‌ شێواندنى رێڕه‌وى رووباره‌كان و شێلوكردنى ئاوه‌كانیان و له‌ناوبردنى په‌نجه‌ماسییه‌كانه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش دژی رێنماییه‌كانى ژینگه‌یین”.

له‌ باره‌ى مه‌ترسی ئه‌و غه‌سالانه‌ بۆ خنكانى هاوڵاتیان له‌ رووباره‌كاندا، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كه‌ به‌شێك له‌كارى غه‌ساله‌كان قوڵكردنى رووباره‌كانه‌، هاوڵاتیش كه‌ له‌و شوێنانه‌ مه‌له‌ ده‌كات تێبینی ئه‌وه‌ ناكات كه‌ ئه‌و شوێنه‌ قووڵه‌ و یه‌كسه‌ر ده‌خنكێت، ده‌شڵێت “شێلوكردنى ئاوى رووباره‌كانیش له‌لایه‌ن ئه‌م غه‌سالانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سه‌ خنكاوه‌كان به‌ ئاسانى نه‌دۆزرێنه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان ئیداره‌ى سۆرانیان له‌وه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى تا ئێستا فه‌رمانبه‌ریان نییه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ لیژنه‌ى به‌دواداچوون دروست بكه‌ن و‌ سه‌ردانیان بكرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، دواى دانانى لیژنه‌، یه‌كه‌م كاریان پابه‌ندكردنى ئه‌م غه‌سالانه‌ ده‌بێت به‌ رێنماییه‌ ژینگه‌ییه‌كان، چونكه‌ ده‌ڵێت كاركردنیان به‌مشێوه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌ و ئاشكراشی ده‌كات یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى خنكانى هاوڵاتیان له‌ رووباره‌كانى سۆران، تێكچوونى رێڕه‌ویان له‌لایه‌ن ئه‌م غه‌سالانه‌وه‌.

ده‌نگۆى خنكانى كه‌سێكی دیكه‌ له‌ رووبارى چۆمان هه‌ی...

ده‌نگۆى خنكانى كه‌سێكی دیكه‌ له‌ رووبارى چۆمان هه‌یه‌