بڕیارە نوێیەکەی ئەیسی میلان
کچە یاریزانەکانى میلان لە کاتى دوگیانبوونیاندا گرێبەستەکەیان هەڵناوەشێتەوە
+964
سۆما حەکیم زادە
یەکەم جارە لە تۆپی پێی ئەورووپادا یانەیەک گەرەنتی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئۆتۆماتیکی یاریزانانی ئافرەت دەکات لە کاتی دووگیانی لە وەرزی کۆتایی گرێبەستەکانیاندا،
یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بووبە یەکەمین یانە لە ئەوروپا سیاسەتێکی نوێی دایکایەتی بۆ یاریزانان و ستافی ئافرەتان پێشکەش بکات، و بە فەرمی پاڵپشتی یاریزانانی دەکات لە کاتی دووگیانی و سەرەتای منداڵ بوونیان .
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی جیهانی “فیفپڕۆ” کە توێژینەوە دەکات لەسەر هەلومەرجی کارکردن لە تۆپی پێی ئافرەتاندا، دەریخستووە تەنها 2%ـى ی یاریزانە کچەکان منداڵیان هەبووە و47%ـی کچە یاریزانەکانیش وتیان تۆپی پێ جێدەهێڵن کاتێک دووگیان دەبن .
جۆرجیۆ فورلانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەی سی میلان دەڵێت: “ئێمە شانازی دەکەین بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی ئاوا گرنگ کە جارێکی دیکە گرنگی ئەی سی میلان بە بابەتە پەیوەندیدارەکان بۆ خێزانی رۆسۆنێری دەردەخات. ئێمە دەمانەوێت ئەم هەنگاوە نوێیە ببێتە هاندانێکی زیاتر بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن بۆ یانەکە و ببێتە نموونەیەک بۆ پەیڕەوکردن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، دڵنیایی دەدات کە جیهانی تۆپی پێ زیاتر دەبێتە ژینگەیەک کە هەمووان بتوانن ئازادانە بڕیاری کەسیی گرنگ بدەن.”
بەم سیاسەتە، ئەی سی میلان دەیەوێت پاڵپشتی یاریزانانی ئافرەت و پیشەگەران بکات کە ستافی تەکنیکی یانەکە پێکدەهێنن ، ئەوەش بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە بتوانن ژیانێکی گرنگ بەدەست بهێنن .