"گومان دەکرێ بارهەڵگر بووبێ"

سێ ستوونی کارەبا لە چەمچەماڵ لاربوونەتەوە و مەترسییان هەیە

+964

عەزیز عەبدوڵا

سێ ستوونی کارەبا لەسەر رێگای چەمچەماڵ بۆ سلێمانی، لار بوونەتەوە و نزیک بوونەتەوە لەوەی بکەون بە زەویدا، لە کاتێکدا بە کەوتنیان مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک و فرۆشیاران دروست دەکەن.

ستوونەکان کارەبای نیشتمانییان پێدا گواستراوەتەوە و گومان لەوە دەکرێ، “ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر خۆی پێدا کێشا بن”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.8.2024، ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ بە 964 وت، “ئاگاداری ئەو حاڵەتەین، هۆکاری گێڕبوونیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەند پیشەوەرێکی ئۆتۆمبێلی گەورە لەوێ بوونیان هەیە گومانەکە ئەوەیە یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی سەردانیان کردووە خۆی لە ستوونەکان دابێت”.

لە نزیک ستوونەکان فرۆشیار و پیشەوەر هەن دوکان و بازاڕیان هەیە، جگە لەوەی لە نزیک شەقامێکی سەرەکین و بەردەوام هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی لەسەرە.

بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ وتی، “رێکاری یاسایمان گرتوەتەبەر لەلای دادوەری لێکۆڵەر، بۆ دۆزینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچییەکەی ئەنجام داوە لە حاڵێکدا ئەگەر نەدۆزرایەوە و سۆراغی نەبوو، دەستبەجێ بەڕێوبەرایەتیمان هەڵدەستێت بە چاککردنەوەی ستوونەکان”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا