دەستبەسەر کراون

ژمارەیەک مانگا لە دینارتە بەناو کونجی جوتیارێک كەوتوون و تێكوپێكیان داوە

ژێوار خدر

ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک بەنداوی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، کۆمەڵێک ئاژەڵی بەڕەڵا چوونەتە ناو چەند پارچە زەوییەک، کە بە کونجی چێندراون و زیانیان پێگەیاندووە، دواتر لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی ناحیەی دینارتەوە دەستبەسەر کران.

سەربەست سابیر بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە 964ـی وت، ئەو ئاژەڵانەی چوونەتە ناو زەوی کونجییەکە، ژمارەیان 33 مانگایە و لە نزیک بەنداوی دینارتە ئەمڕۆ دەستمان بەسەردا گرتوون و لای خۆمان هێشتوومانەتەوە.

وتیشی، خاوەنەکەیان بە پێبژاردنێک سزا دەدرێت، کە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و بە ملیۆنێک دینار کۆتایی دێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە، روونیشیکردەوە، تا ئێستا خاوەنی ئاژەڵەکان دیار نییە و سەردانی شارەوانی نەکردووە، بەڵام ئەوان ئاژەڵەکانیان لە شوێنێکی تایبەت راگرتووە و خواردنیشییان پێ دەدەن، تا ئەوکاتەی خاوەنەکانیان پەیدا دەبیت لای خۆیان دەیانهێڵنەوە.

سەبارەت بەو بڕە کونجییەی زیانی بەرکەوتووە، سەربەست سابیر وتی، بەیانی لیژنەیەک پێکدەهێنێن بچێت سەردانی شوێنەکە بکات بۆ خەمڵاندنی زیانەکان.