"کەسوکارەکانیان بە عەشایەری لەگەڵ خاوەن کار رێکدەکەون"
لە ماوەی ئەمساڵدا لە گەرمیان 8 کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
لەسەرەتای ئەمساڵی 2024 تاوەکو ئێستا لەگەرمیان هەشت کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە، سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت، کەسوکاریان سکاڵا تۆمار ناکەن و بە عەشایەری لەگەڵ خاوەن کارەکان رێکدەکەون.
حەوت لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کرێکار بوون و ئەویتریشیان خاوەن کار بووە.
عەدنان محەمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ى وت، لە مانگی 1ـی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ھەشت کەس لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ئەوەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە چی مافێک بۆ کەسوکاریان گەڕێندراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، کەسوکاری ھیچ یەک لەو کرێکارانە نەھاتوونەتە سەندیکا سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵکو بە شێوەی عەشایەری لەگەڵ خاوەن کارەکە رێکدەکەون، ئێمەش بەبێ سکاڵا ھیچمان پێناکرێت لەدادگا.
“داواکارین کرێکار ھەر ناھەقیەکی بەرامبەر کرا، لە 8 کاتژمێر زیاتر کاری کرد یان مووچەی کەمی پێدرا، بێتە سەندیکا سکاڵا بکات بەتەواوی پشتگیری دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە لەدوای سکاڵا تۆمارکردنیش خاوەنکار ناتوانێت دەریانکات لە کارەکانیان”عەدنان محەمەد وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی