13ی ئەم مانگە هەوڵی تیرۆركردنی درا
FBI پشتڕاستی كردەوە: ترەمپ بە فیشەك بریندار بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI پشتڕاستی کردەوە کە برینداربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کاتی هەوڵی تیرۆرکردنی لە 13ی ئهم مانگهدا، بەهۆی فیشەکەوە بووە.
FBI لە بەیاننامەیەکی کورتدا دەڵێت: ئەوەی بەر گوێی سەرۆکی پێشووی ئەمریكا ترەمپ كەوت، فیشەکێک بوو، جا تەواو بێت یان پارچە پارچە بووبێت بۆ بەشی بچووك، کە لە تفەنگی ماتیۆ كرۆكسەوە تەقێندرابوو.
ئەم لێدوانە دوای دوو رۆژ دێت لە لێدوانێکی بەڕێوەبەری FBI کریستوفر رای لەکاتی ئیفادەدان لەبەردەم کۆنگرێسدا، کە تێیدا رایگەیاندبوو دیار نییە برینەکەی ترەمپ بەهۆی فیشەک یان بەهۆی ساچمەوە بووە.
ئەم لێدوانەی رای، ترەمپ و هاوپەیمانەکانی تووڕەکرد، بە جۆرێك ترەمپ لێدوانەکانی رای رەتکردەوە و بە لایەنگری سیاسی تۆمەتباری كرد، لەمبارەشەوە وتی: بەداخەوە فیشەکێک بوو بە توندی بەر گوێم کەوت، شووشە نەبوو، هیچ پارچەیەکیش نەبوو”.
راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە دوێنێ هەینی بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەداوە، کە “شیکارییەکی وردی رێڕەوی فیشەکەکان، گرتە ڤیدیۆییەکان، وێنە و دەنگ، بە تەواوی ئاماژە بەوە دەکات ترەمپ بە یەکەم فیشەک لەو هەشت فیشەکەی چەکدارەكە تەقاندوویەتی، پێكراوە”.
هەر لەم بارەیەوە رۆنی جاکسۆن، پزیشکی ترەمپ، پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکی پێشوو بە فیشەك بریندار بووە و هەموو گریمانەکانی دیکەش “هەڵەن”.
رۆژی 13ی ئەم مانگە كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و بەربژێری كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە پێنسلڤانیا قسەی بۆ هەوادارانی دەكرد، لە لایەن كەسێك بە ناوی ماتیۆ كرۆكس تەقەی لێكرا و هەوڵی كوشتنی درا، بەم هۆیەوە گوێچەكەی راستی بریندار بوو، دواتر تەقەكەرەكەش كوژرا، هەروەها كەسێك كوژرا و دوو دیكەش بریندار بوون.