"تەنیا نییە و خۆمان بە قەرزاری دەزانین"

هاوشاریانی لەتیف هەڵمەت پرسەیان بۆ کۆچی دوایی هاوسەرەکەی دانا

میلاد جەلال – کفری

هاوشاریانی شاعیری دیاری کوردستان، لەتیف هەڵمەت لەخەمی لەدەستدانی هاوسەرەکەی کۆبوونەوە و پرسەیان بۆ دانا.

پرسەکە بە بەشداری نووسەران و رۆشنبیرانی کفری بەڕێوەچوو، سامان کەریم، نووسەر بە 964ـی وت، “مامۆستا لەتیف هەڵمەت تەنیا نییە، لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشداری هەستەکانی ئەو دەبین و ئەوانەی لێرە دانیشتوون هەموو کەسوکاری ئەون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەتیف هەڵمەت لەبەر ئەوەی کەمێک ناساغە نەیتوانیوە بچێتە کفری، بەڵام لەکۆتایی پرسەکەدا پەیامێکی بۆ گەرمیانییەکان دەبێت.

دڵشاد ساڵح، مامۆستایە و لە کەلارەوە چووەتە کفری و بەشداری پرسەکەی کردووە، “مامۆستا لەتیف هەڵمەت هەموو تەمەنی لە پێناو کورستان سەرف کردووە، هەموومان کەسوکاری ئەوین و خۆمان بە قەرزاری دەزانین”.

دوێنێ پێنجشەممە 3.9.2026 سورەیا شێخ عەلى هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیر دوای 16 ساڵ ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد، سورەیا خانم ساڵى 1954 لە گەڕەکى مەڵکەندى شارى سلیمانى لە خانەوادەیەکى ناودارى شارەکە لەدایکبووە و لە ساڵى 1979، لەگەڵ لەتیف هەڵمەتى ئامۆزاى هاوسەرگیریى کردووە، ساڵى 2010 تووشى نەخۆشی شێرپەنجە بوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری