لە رانیە

زێدەڕۆییەکانى گەڕەکى نەورۆز لابران

وریا فەتاح

بەپێى راگەیەندراوێکى قایمقامییەتى رانیە، لیژنە هاوبەشەکان هەڵمەتێکیان ئەنجامداوە و هەرچى زێدەڕیى هەبووە لە بەردەم دوکانەکانى گەڕەکى نەرۆز لایانداوە

کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتی قەزای رانیە بە 964ـی وت، لیژنەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردن و رێکخستنەوەى بازاڕ، بۆیە دوێنێ زێدەڕۆییەکانى گەڕەکى نەورۆزیان پاککردەوە، کە دوکاندارەکان کردبوویانە سەر شەقامى گشتى و شۆستەکان.

وەک ئەوەى باسى دەکات، دوکاندارەکان پۆشاک و ئینجانە و چەندین شتى جۆراوجۆر دەخەنە سەر شەقام و شۆستەکان و ئاستەنگى هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروستدەکەن و سیمایەکى ناشیرین بە شار دەبەخشن.

هەڵمەتەکەى لیژنە هاوبەشەکانى رانیە پێشتریش کارى کردووە، وەک ئەوەى کارزان مستەفا روونى دەکاتەوە، پێشتر فولکەى شەهید هیوا و شەقامى سەید عەلیان رێکخستووەتەوە.

کارزان مستەفا:

بەکۆى گشتى 200 دوکان لەناو شارى رانیە، زێدەڕۆییەکانیان پێ لابراون

“دواى رێکخستنەوە و لابردنى زێدەڕۆییەکان چاودێرى ئەو شوێنانە دەکەینەوە، هەر دوکاندارێک پابەند نەبێت ئاگادارى دەکەینەوە و دواتر پێبژاردنى بۆ دەکەین، هەر بەردەوامیش بێت دایدەخەین”، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتى رانیە واى وت.

هەرچەندە تائیستا هیچ دوکانێک لەسەر ئەوە دانەخراوە، بەڵام وەک ئەوەى کارزان سلێمان ئاماژەى پێدەکات، ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن هەبووە.

بۆ گەیاندنی سکاڵاو زانیاری لەکاتی بینینی سەرپێچی لە رانیە پەیوەندی بکەن بە ژمارە مۆبایلی 07708593000.