لەکاتی نانخواردن قوتی دابوو

لە نەخۆشخانەی کەلار دەرزییەک لە قوڕگی ژنێک دەرهێنرایەوە

شۆڕش قادری

لە کەلار دەرزییەک لەناو خواردن و ناندا چووە قوڕگی ژنێک و تووشی مەترسی کرد، لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار بە نازۆر بۆی دەرهێنرایەوە.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلای چەند وێنەیەکی دەرزییەکە و ژنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، شەوی رابردوو، ژنێک بەهۆی گیرانی دەرزییەک لە قورگ و ڕێڕەوی هەناسەیدا، گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.

بەقسەی ژنەکە خۆی، لەکاتی نانخواردندا دەرزییەک بەهەڵە لەگەڵ خواردنەکەیدا چووبووە ناو قورگی، کە بووبووە هۆی گیرانی لە ڕێڕەوی هەناسەیدا.

هەر بە گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بە خێرایی و بە هەوڵی دکتۆر ئارام باجەلان، پسپۆڕی قوڕگ و لوت و گوێ، بە نازۆر دەرزییەکە دەرهێنراوە و ژیانی نەخۆشەکە رزگار کراوە.