دەڵێن ئامادەن

حوسییەکان داوای میوانداریی میسر بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ سعودیە دەکەن

ئەحمەد مستەفا

محەمەد بوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حوسییەکان رایگەیاند، بزووتنەوەکەی پێشوازی لە ناوبژیوانیی میسر دەکات و خوازیاری ئەوەیە قاهیرە ببێتە شوێنی ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ سعودیە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

بوخەیتی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی “تەلەگراف میسر” دەڵێ، بزووتنەوەکەیان بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە هەر دەستپێشخەرییەکی راستگۆیانەی میسر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کەمکردنەوەی مەینەتییەکان و ئامادەکردنی زەمینە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و گشتگیر.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئاشتی لەگەڵ سعودیە بۆیان هەڵبژاردنێکی ستراتیژییە و پێشوازی لە بەردەوامیی کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان سەنعا و ریاز دەکەن.

بوخەیتی داوای کردووە، قاهیرە میوانداریی دانوستانە راستەوخۆکان بکات، بە هیوای گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان.

لە کۆتاییدا، ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە ملمـلانێ و پێکدادانەکان لە یەمەن بەردەوامن و کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئەمنی و مرۆیی وڵاتەکە هەیە.