ئه‌مڕۆ پێشه‌نگی خولی كوردستان له‌ چوارقوڕنه‌یه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یارییه‌كانی گه‌ڕی 15ـی خولی نایابی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ یانه‌ی ئاراراتی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ له‌ ئه‌ركێكی قورسدا ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی چوارقوڕنه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوار یاری له‌ گه‌ڕی 15ـی خولی نایابی كوردستان دێنه‌ ئه‌نجامدان، گرنگترینیان یاری نێوان چوارقوڕنه‌ و ئاراراته‌، كه‌ له‌ یاریگای ئه‌مه‌ی یه‌كه‌مدا ده‌كرێت.

یانه‌ی ئارارات ئێستا له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌یه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 26 خاڵ، نزیكترین ركابه‌ریشی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێره‌، كه‌ 24 خاڵی هه‌یه‌.

ئارارات ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامێكی باش له‌ یاریگه‌ی چوارقوڕنه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ركابه‌ره‌كه‌ی دووربكه‌وێته‌وه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یانه‌ی چوارقوڕنه‌، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ خولی نایاب به‌شداره‌، له‌ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌ به‌ 22 خاڵ و ئاستێكی باشی هه‌یه‌، هاوكات مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو، راهێنه‌ر و یاریزانێك و گۆڵپارێزێكیان به‌ باشترینی خوله‌كه‌ دیارییكران.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ، كه‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كان له‌ كاتژمێر 14:30 ده‌ستپێده‌كه‌ن:
چوارقوڕنه‌ – ئارارات
سۆران – هندرێن
برایه‌تی – ده‌ربه‌ندیخان
زاخۆ – سه‌یدسادق.

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی 15، كه‌ دوێنێ ده‌ستیپێكرد، یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ به‌ 1-0 گۆڵ له‌ چه‌مچه‌ماڵی برده‌وه‌، شێروانه‌ به‌ 3-1 گۆڵ له‌ دهۆكی برده‌وه‌، یانه‌ی ئاكرێیش بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی تۆمار كرد و به‌ 1-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری برده‌وه‌.